هیوا! مەگری، هەنیسکی نیوەشەو بەس هەڵدە، بەس بگری!
لە چاوی بێ قەرارم بۆچی دەرمانی وەنەوز ئەبڕی؟
کوڕی خۆم! کۆرپەڵەم! میوانی دنیای تازە خوڵقاوم!
ئەدا گریەت بە زەربەی چز، لە ڕۆحی پڕ گلاراوم!
چییە ئەم گریە بێ غایە، کڕووزەی نیوەشەو خورپێن؟
چییە ئەم قەترە وردانەی لە چاوت بێ مەئال ئەڕژێن؟
لەگەڵ ئەو غونچە ساوایەی لەسەر خەڵفی بەهار ئەڕوێ
چییە فەرقت؟ لەبەرچی ئەو هەتاکوو سیس ئەبێ ئەنوێ؟
وەکو ئەو بەرخە بچکۆلەی کە هەر ئێستا لە دایک بوو،
لەبەر چی نەشئەیی یاری هەڵت ناداتە سەر پاشوو؟
ئەڵێی ئەو زەڕنەقووتەی پەپکەمارە فەرشی هێلانەی:
چ ئیشێکە، کوڕم، بۆچی لەسەر ئەم هەڵکڕووزانەی؟
چییە تو خوا؟ چ سیڕڕێکە وەها مەحکوومی گریانی،
کە تۆ هێشتا لە خەم ناگەی؟ لە مەعنای گریە نازانی؟
ئەگەر وەک باوکە حەسرەت دیدەکەت زەهرت بچێژایە،
زەمان گەردی ئەمەلتی گشت بە دەم باوە بپێژایە؛
لە ناو کڵپە و بڵێسەی نائومێدی و حەسرەتا یەکسەر،
بسووتایە بەهاری عومری جوانیت: هەم گوڵ و هەم بەر!
بەڵێ، ڕۆڵەم، ئەگەر وەک من کەمێک بەدبەختیی ئیدراکیش،
لە تۆیشی ڕەش بکردایە، نەوەک شەو، ڕۆژی ڕووناکیش،
حەقت بوو عەرش بلەرزێنی بە ناڵەی ڕۆحی پڕ ئێشت،
لە ئەستێرەی سەما بپژێنی فرمێسکی دڵی ڕێشت!
حەقت بوو ئەم هەموو گریانی نامەفهووم و بێ مەعنا:
زمانی بەست و تەقریری شکاتت بێ لە دەست دنیا!
حەقت بوو بێ وچان بگری بەسەر تاوانی باوکیما،
بەحر پڕکەی لە تف، بیدەی بە ناوچاوانی باوکیما!
بەڵام، ڕۆڵەم! کە تۆ ئێستا لە فەجری زیندەگانیتای،
لە بەر دەرگای تەلیسمی بەختی مەجهوول و نیهانیتای:
بە چی مەعلووم بە شوێنی هیی منا ئەڕژێ چەمی عومرت؟
سەراسەر پێکەنین و خوڕڕەمی نابێ خەمی عومرت؟
بەڵێ، بەرخم! ئەگەرچی هەر وەکوو یەک ژینی گشت لایە
لە بەینی بێشکە وو قەبرا، بڕینی عەینی ڕێگایە!
هەموو هەر قافڵەی بێ ئیختیاری سەرزەمینێکین
هەموو دێین و دەڕۆین، تاکوو ئەگەین، یەعنی ئیتر ئەمرین،
وەلێ کۆچی ژیان کۆچێکی پڕ سیحر و پڕ ئەفسوونە:
لە یەک سەرچاوە دوو قەترە: یەکێ لێڵە، یەکێ ڕوونە!
هەیە وەک من بە سەر دڕکا ئەنێ هەنگاوی ئاوارە،
هەیە هی وایش کە فەرشی ژێری پێی ئاوریشمی گوڵزارە!
ئەوەندەی ڕۆحی مەئیووس و مەلوول تاریک ئەکا دنیا،
ئەوەندەش نوور لە ڕۆحی شادەوە ئەڕژێ بەسەر سەریا!
کوڕم! هەر وەک لە ئوعجووبەی ژیانا بەختی بەد ئەگری،
شتێکیش - بەختیاری - پێکەنین گرتوویە چوار دەوری!
بە خۆڕایی مەترسە، خەم مەخۆ، مەگری لە ئێستاوە!
بە چی مەعلووم کە چی لەو تەختی ناوچاوانە نووسراوە؟