کەس نەما نەیدەی بە ئەرزا ئەی فەلەک نۆرەی منە
وا ئەزانی من دڵم بەردە و وجودم ئاسنە؟
خوێن و گۆشتێکی ڕزیوە تۆش دەسا دای ئەنجنە
زۆر پەشیمانە لە ھاتن، چاوەڕوانی ڕۆیینە
مشتێ خاکوخۆڵە دیسان بیخەرە ناو خاکەوە
باشی داپۆشە، بە کرداری خراپە و چاکەوە
ژینی دونیایی چییە تەنیا خەیاڵێکە و خەوە
چوار عەدەد فەسڵی موخالیف دوو عەدەد ڕۆژ و شەوە
لەم نەبوونی و ھاتنە، بۆ ئەو نەبوونی سەر ڕەوە
من لە ھاتن بێخەبەر بووم چیمە لەم ھات و ڕەوە
من لە چاکە یا خراپە بۆ چ فیعلێ مەسدەرم
خۆم کە نازانم خوا! ھەر ڕوحمی تۆیە ڕەھبەرم
من بە واتەی واعیز و شێخ و مەلا نابم خەڕۆ
ئەم ئەڵێ: واوە وەرە ئەویان ئەڵێ واوە بڕۆ
ھەر یەکە نەوعێ ئەڵێن شەڕیانە دایم خۆ بە خۆ
چۆن بزانم کامە ڕاستە؟ کامەیان کیزبە و درۆ
ھێندە زۆرە ئیختیلافی بەینی ئاخوون و مەلا
چۆنی باوەڕ پێ بکەم غەیری بە لا حول و لا
بوونی عالەم بۆ چییە و مەقسەد چ بوو لەم خیلقەتە؟
ئینتزامی ئەم نیزامی کائیناتە حیکمەتە
بوونی دونیا و ماسيوا ڕەمز و ئیشارەی قودرەتە
غایەیی ئەسڵی ھەموو ئیسباتی زاتی وەحدەتە
بابە جوزئێکم لە کول، تەقدیر کراوە کردەوەم
ڕۆژی ئەووەڵ خالیقم چۆن خەلقی کردووم ھەر ئەوەم