ئاڵەکۆک

بابە add_a_photo
بابە دیوانی ئەوڕەحمان بەگی بابان
٥٧. کاکی عارەب تۆ لەگەڵ من عەھد و پەیمانت ھەیە
کاکی عارەب تۆ لەگەڵ من عەھد و پەیمانت ھەیە
تۆ بە ھەستی و ھێزی من بڕوا و ئیمانت ھەیە
وا بە دەستوور قەومی وەک من، دۆستی ھاوشانت ھەیە
بۆ لە کوردستانی من پارێز و پەنھانت ھەیە
تۆ لە واتەی دوژمن و خەسمی وەتەن گوێت کەڕ بکە
ھەر بە سیدقی کورد و کوردستانی من باوەڕ بکە
کاکی عارەب من وەکوو تۆ بنج و تار و پۆم ھەیە
قەومی مێژوودارم و پیت و زمانی خۆم ھەیە
چل عەسوورە بەم زمانە شیعر و گفت و گۆم ھەیە
مافی تۆ چی بێ، منیش لەم خاکە مافی تۆم ھەیە
تۆ جنووب و ناوەوە، من شاخ و ئەنھاری شیمال
بووە بە یەک ئەمجا عیراقی پێ گەیشتۆتە کەمال
من بە دوربینی فیکر زوو کەشفی ئاسۆم کردووە
بۆ عیراقی خۆشەویستم خزمەتی خۆم کرووە
ھەر چی خوێناوم ھەیە لەم ڕێیەدا ڕۆم کردووە
پێشەوا خۆی عالمە بەو خزمەتی بۆم کردووە
کاکی عارەب تۆ بزانە کورد برای ھاوشیرتە
سەیری مێژووی خۆت بکە ڕووناکی بەخشی بیرتە
دوو براین لەم خاکەدا من نیشتمانی خۆم ھەیە
نووسەر و نووسراوی خۆم، بیر و بەیانی خۆم ھەیە
بۆ دەبوستان و دەبیرستان، زمانی خۆم ھەیە
من عیراقیم و بەڵام تەرزی ژیانی خۆم ھەیە
ئەم قەڵای گەورەی عیراقە وا لە سەر دوو پایەیە
کورد و عارەب ھەر یەکە، یەک پایەیی پڕ مایەیە
کوردم و ڕاست و دروست قەت فێڵ و فیشاڵم نییە
وا گەییومە سیننی ڕوشد، ئیتر گڕ و گاڵم نییە
ئیستە ئازاد و حوڕم ھەڵپەی پەڕ و باڵم نییە
غەیری مێژوو گۆڕی گەورە پرسەری حاڵم نییە
بۆ کەریمی کورد و عارەب بابە سەربازی ئەکەم
جانفیدای جمھوورم و قەوم و وەتەن ڕازی ئەکەم
١٩٥٩/٨
بەغدا

پەراوێز edit