شاعیر: بابە کتێب: دیوانی ئەوڕەحمان بەگی بابان سەرناو: کەس نەما نەیدەی بە ئەرزا ئەی فەلەک نۆرەی منە کەس نەما نەیدەی بە ئەرزا ئەی فەلەک نۆرەی منە وا ئەزانی من دڵم بەردە و وجودم ئاسنە؟ خوێن و گۆشتێکی ڕزیوە تۆش دەسا دای ئەنجنە زۆر پەشیمانە لە ھاتن، چاوەڕوانی ڕۆیینە مشتێ خاکوخۆڵە دیسان بیخەرە ناو خاکەوە باشی داپۆشە، بە کرداری خراپە و چاکەوە ژینی دونیایی چییە تەنیا خەیاڵێکە و خەوە چوار عەدەد فەسڵی موخالیف دوو عەدەد ڕۆژ و شەوە لەم نەبوونی و ھاتنە، بۆ ئەو نەبوونی سەر ڕەوە من لە ھاتن بێخەبەر بووم چیمە لەم ھات و ڕەوە من لە چاکە یا خراپە بۆ چ فیعلێ مەسدەرم خۆم کە نازانم خوا! ھەر ڕوحمی تۆیە ڕەھبەرم من بە واتەی واعیز و شێخ و مەلا نابم خەڕۆ ئەم ئەڵێ: واوە وەرە ئەویان ئەڵێ واوە بڕۆ ھەر یەکە نەوعێ ئەڵێن شەڕیانە دایم خۆ بە خۆ چۆن بزانم کامە ڕاستە؟ کامەیان کیزبە و درۆ ھێندە زۆرە ئیختیلافی بەینی ئاخوون و مەلا چۆنی باوەڕ پێ بکەم غەیری بە لا حول و لا بوونی عالەم بۆ چییە و مەقسەد چ بوو لەم خیلقەتە؟ ئینتزامی ئەم نیزامی کائیناتە حیکمەتە بوونی دونیا و ماسيوا ڕەمز و ئیشارەی قودرەتە غایەیی ئەسڵی ھەموو ئیسباتی زاتی وەحدەتە بابە جوزئێکم لە کول، تەقدیر کراوە کردەوەم ڕۆژی ئەووەڵ خالیقم چۆن خەلقی کردووم ھەر ئەوەم ++++++++++++++++++++++