ڕۆڵەکەم بنوو، خەوی خۆشت بێ
شیری حەڵاڵم، شیفا و نۆشت بێ
پەڕی جوبرەئیل، بە ڕووپۆشت بێ
بۆ بەرزی وەتەن بیر و ھۆشت بێ
ڕۆڵەکەم بنوو ھیوام بە تۆیە
سەرۆکی ھۆزم دوو لاو دووھۆیە
دوژمن دوو نەوعە بێگانە و خۆیە
لە نیشتمانا، ھەر باوکەڕۆیە
ھۆزم نەزانە و ھەژارە و نەفام
ڕۆڵەی شیرینم! بگەرە فریام
ڕۆڵەکەم بنوو بە لای لایەوە
بە لاوانەوەی دەنگی دایەوە
کاتێ گەورە بووی ھاتیە کایەوە
بنوارە وەتەن، لە گشت لایەوە
خوێنمژ و عەدوو کەوتوونە وڵات
بگرە و بەردەیە بۆ فەقیر وڵات
ڕۆلەکەم! بنوو وەتەن وێرانە
میللەت بێکەسە مات و حەیرانە
دوژمنی وەتەن ھەر لە خۆمانە
ئەمەت لە بیر بێ ڕۆژ و زەمانە
وەختێ گەورە بووی دەستت دایە چەک
جیای نەکەیتەوە شێخ و ئاغا و بەگ
ڕۆڵەکەم بنوو کاتێ بووی بە لاو
ئەحواڵی وەتەن بێنەرە بەر چاو
قەومت ڕزگار کە لە زنجیر و داو
تۆڵە بسێنە یەک و سەد تەواو
ئەمجا وەک بابە ڕوو دەرە دوژمن
فەرقی قەد نەکەی بچووک و مەزن