ئاڵەکۆک

بابە add_a_photo
بابە دیوانی ئەوڕەحمان بەگی بابان
٥٤. ڕۆژھەڵاتی ناوەوە گیانی لەسەر لێو و دەمە
ڕۆژھەڵاتی ناوەوە گیانی لەسەر لێو و دەمە
میللەت و قەومی لە نەزعایە خەریکی ماتەمە
ڕێی ھەرا و ھاواری بەسەراوە زمانی ئەبکەمە
دەوری نەیرون و زەحاکە، ناوی عەسری بیستەمە
کۆڕی یەکبووی میللەتانی کۆمەڵی داگیرکەرە
مەجڵیسی ئەمنی بەناو، ئاگرکەری شۆڕ و شەڕە
خۆرھەڵاتی ناوەوە پیاوێکی ھەڵخست عالەمی
میللەتی ئێرانی بردە دەوری کەیروس و جەمی
داڵس و چەرچڵ وەکوو نۆکەر لەبەردەمیا چەمی
زاھیدی لێی کەوتە خۆ مانەندی إبنَ العَلقَمی
چەرخی ورەگێڕا بە دەستەی خائین و خوێنخوارەوە
میللەتی ئازادکراوی خستەوە ژێر بارەوە
شاھی خائین خۆی کوتایە باوەشی ئەمریکەوە
زاھیدی مەلعون بە سێڕڕی کەوتە فاک و فیکەوە
دەستی ھەندرسن بە دۆلار و زەڕی تەحریکەوە
ھێرشی خائین بە شەستتیر و بە پاچ و پیکەوە
بورجی ئازادی وەتەنیان دایە بەر بومباردمان
گرمەگرمی تۆپ و تەییارە گەیشتە ئاسمان
ئەو مەسیحا ھیممەتەی ئێرانی زیندوو کردەوە
گۆیی ئازادی لە مەیدانی ئومەمدا بردەوە
بۆ ھەموو شەرقی وەست ڕێی سەربەخۆیی کردەوە
ھەر وەکوو جانی بە دیل گیرا بەدەس نامەردەوە
ئەو سیاسەت گێڕی بەرزە، خاکی ئاری سەندەوە
وا لە زیندانا بە دەستی بەستەو و پێوەندەوە
تۆپ و دەببابە لە تاران ڕۆژ و شەو ئەخولێتەوە
ھەر سەعاتی خوێنی سەد لاوی وەتەن ئەڕژێتەوە
تیپی دانشجوو بە زامی گوللەوە ئەتلێتەوە
بۆ ئەمە یەغما گەری دەوری مەغوولی بێتەوە
خائینان کاتێ کە ئەم جەردانە ئیستقبال ئەکەن
الوِداعي میللەتی ئێران لە ئیستقلال ئەکەن
ئەی موسەدیق تۆ کە خوێنی پاکی ئەجدادت ھەیە
ئیرسی تاریخی کەیی و ساسان و پێشدادت ھەیە
ھەر بە ملیۆن، دەرس ئەخوێنی عیلم و ئیرشادت ھەیە
دەستە دەستە قارەمانی حوڕڕ و ئازادت ھەیە
موژدە بێ بابە! ئەمانە تەردی ئیستعمار ئەکەن
خائینی قەوم و وەتەن مەحکوومی دار و نار ئەکەن
دوکتور محەممەد موسەدیق لە نیسانی ١٩٥١دا لە لایەن مەجلیسی نوابی ئێرانەوە بوویە سەرۆک وەزیر و علىٰ الأحوال و لە لایەن شاھەوە تەسدیق کرا موسەدیق نەوتی ئێرانی تەئمیم کرد و لەسەر موراجعەتی بەریتانیا چووە واشنتۆن و حوقووقی حوکوومەتی ئێرانی بە مەجلیسی ئەمن و جەمعیەتی ئومەم تەسدیق کرد. دیسان لەسەر شکایەتی بریتانیا چووە لاھای و حوقووقی ئێران لە لایەن مەحکەمەی عەدەلی دووەلییەوە تەسدیق کرا ئەمجا سەفارەت و ھەموو کونسوولەکانی ئینگلیزی لە ئێران دەرکرد. لە ١٩ی ئەغستۆسی ١٩٥٣ دا بە سەرۆکی زاھیدی خەوەنەی ئیران دایان بە سەردا و گرتیان خستیانە زیندانەوە. بۆ ئەمە ئەم قەسیدەیە بێژراوە.
١٩٥٣

پەراوێز edit