شاعیر: بابە کتێب: دیوانی ئەوڕەحمان بەگی بابان سەرناو: ڕۆڵەکەم بنوو خەوی خۆشت بێ سەبارەت: ھۆنراوە لە سەر زمانی ژنێ لە عەشیرەتی جاف کە کوڕەکەی لە بێشکەدا ئەنوێنێ ڕۆڵەکەم بنوو، خەوی خۆشت بێ شیری حەڵاڵم، شیفا و نۆشت بێ پەڕی جوبرەئیل، بە ڕووپۆشت بێ بۆ بەرزی وەتەن بیر و ھۆشت بێ ڕۆڵەکەم بنوو ھیوام بە تۆیە سەرۆکی ھۆزم دوو لاو دووھۆیە دوژمن دوو نەوعە بێگانە و خۆیە لە نیشتمانا، ھەر باوکەڕۆیە ھۆزم نەزانە و ھەژارە و نەفام ڕۆڵەی شیرینم! بگەرە فریام ڕۆڵەکەم بنوو بە لای لایەوە بە لاوانەوەی دەنگی دایەوە کاتێ گەورە بووی ھاتیە کایەوە بنوارە وەتەن، لە گشت لایەوە خوێنمژ و عەدوو کەوتوونە وڵات بگرە و بەردەیە بۆ فەقیر وڵات ڕۆلەکەم! بنوو وەتەن وێرانە میللەت بێکەسە مات و حەیرانە دوژمنی وەتەن ھەر لە خۆمانە ئەمەت لە بیر بێ ڕۆژ و زەمانە وەختێ گەورە بووی دەستت دایە چەک جیای نەکەیتەوە شێخ و ئاغا و بەگ ڕۆڵەکەم بنوو کاتێ بووی بە لاو ئەحواڵی وەتەن بێنەرە بەر چاو قەومت ڕزگار کە لە زنجیر و داو تۆڵە بسێنە یەک و سەد تەواو ئەمجا وەک بابە ڕوو دەرە دوژمن فەرقی قەد نەکەی بچووک و مەزن ++++++++++++++++++++++