وەکوو لاوی سلێمانی حوڕ و ئازادەیە ژینم
لە پێناوی وەتەندا، دائەنێم سەد ڕۆحی شیرینم
بەلای ڕاست و چەپا ناڕۆم، بە ھێزی پشتم ئەستوورە
وەکوو شاخی وەتەن سەربەرز و دڵ ڕەق، پڕ لە تەمکینم
لە نەزعا، نامەوێ یاسین، لە قەبرا نامەوێ تەڵقین
وەتەن یاسین و تەڵقینم، وەتەن ئیمانمە و دینم
لە خەودا نەقشی ئازادیم لە ئیقباڵی وەتەندا دی
موبەددەل بوو بە خۆشی و پێکەنین، گریانم و شینم
لە دەوری بەردەوە میراتی کوردە خاکی کوردستان
بۆ ئەم باخی بەھەشتە بابە! من دیوار و پەرژینم