ئاڵەکۆک

بابە add_a_photo
بابە دیوانی ئەوڕەحمان بەگی بابان
٣٥. غەرقی گێژاوی مەوج و شەپۆلی خەسارە خۆم
غەرقی گێژاوی مەوج و شەپۆلی خەسارە خۆم
ھێلک بڕاوی نووکە ڕەمی پڕ شەرارە خۆم
مێشک پژاوی گوللە و و تۆپی دووبارە خۆم
خنکاوی حەلقەی پەتی داری قەنارە خۆم
ئێستا ئەسیری شاھی عەجەم، تورکی کۆچەرە
زنجیر و پاڵەھەنگی لە پێدایە دوو سەرە
ئازادی! دۆستی کۆنی گەلم، بۆ لە من ونی!!
ئێران و تورکیام، لە ھەموو لاوە پشکنی
بۆ تۆ گەڕام بە زۆری سیلاح و بە دوژمنی
دەسم نەکەوتی، بۆ چی ئەتۆش دوژمنی منی؟
والله وام بە شوێنتەوە ئەتھێنمە دەستی خۆم
پیشانی شەرق و غەربی ئەدەم ھێز و ھەستی خۆم
بەم بیرەوە وەنەوزم ئەدا نووستبووم شەوێ
ئازادی سرک و سەرکەشە ئایا دەستم کەوێ
ھاتە خەوم فریشتەیەکی نوور و پڕ تەوێ
فەرمووی بە پێکەنینەوە ئەی کوردە! چیت ئەوێ
پێم وت ئومێدی میللەت و ئارامی جانەکەم
ئازادی بەخشی قەوم و گەل و نیشتمانەکەم
ھەر تۆی مەسیحی قەوم و میللەل بۆ ژیانەوە
ھەر تۆی کە مردوو دێنیە نوتق و زمانەوە
ھەر تۆی کە دوژمنم ئەخەیە اَلأمانوە
وەک دەوری ماد و کیسرا وەرە نیشتمانەوە
حەشرێ دروست کە قامی قیامەت نەزیری بێ
ئم نیشتمانە کورد و عەرەب خۆی ئەمیری بێ
فەرمووی قیامەت تەھلوکەی قەومە ڕۆڵەکەم
خۆم بۆ حوقووقی میللەتی تۆ تونگ و تۆڵ ئەکەم
لەم مەلعەبەی سیاسەتەدا ڕۆژێ گۆڵ ئەکەم
ئەو ڕۆژە نیشتمانت لە بێگانە چۆڵ ئەکەم
بابە بوێستە وێنەی قەندیل و بێستوون
نزێکە دەرکەوێ لە چیای تۆ ڕۆژی ڕوون
پرسیار و وەڕامە لەبەینی ئازادی و نیشتمانا

پەراوێز edit