شاعیر: بابە کتێب: دیوانی ئەوڕەحمان بەگی بابان سەرناو: غەرقی گێژاوی مەوج و شەپۆلی خەسارە خۆم سەبارەت: پرسیار و وەڕامە لەبەینی ئازادی و نیشتمانا غەرقی گێژاوی مەوج و شەپۆلی خەسارە خۆم ھێلک بڕاوی نووکە ڕەمی پڕ شەرارە خۆم مێشک پژاوی گوللە و و تۆپی دووبارە خۆم خنکاوی حەلقەی پەتی داری قەنارە خۆم ئێستا ئەسیری شاھی عەجەم، تورکی کۆچەرە زنجیر و پاڵەھەنگی لە پێدایە دوو سەرە ئازادی! دۆستی کۆنی گەلم، بۆ لە من ونی!! ئێران و تورکیام، لە ھەموو لاوە پشکنی بۆ تۆ گەڕام بە زۆری سیلاح و بە دوژمنی دەسم نەکەوتی، بۆ چی ئەتۆش دوژمنی منی؟ والله وام بە شوێنتەوە ئەتھێنمە دەستی خۆم پیشانی شەرق و غەربی ئەدەم ھێز و ھەستی خۆم بەم بیرەوە وەنەوزم ئەدا نووستبووم شەوێ ئازادی سرک و سەرکەشە ئایا دەستم کەوێ ھاتە خەوم فریشتەیەکی نوور و پڕ تەوێ فەرمووی بە پێکەنینەوە ئەی کوردە! چیت ئەوێ پێم وت ئومێدی میللەت و ئارامی جانەکەم ئازادی بەخشی قەوم و گەل و نیشتمانەکەم ھەر تۆی مەسیحی قەوم و میللەل بۆ ژیانەوە ھەر تۆی کە مردوو دێنیە نوتق و زمانەوە ھەر تۆی کە دوژمنم ئەخەیە اَلأمانوە وەک دەوری ماد و کیسرا وەرە نیشتمانەوە حەشرێ دروست کە قامی قیامەت نەزیری بێ ئم نیشتمانە کورد و عەرەب خۆی ئەمیری بێ فەرمووی قیامەت تەھلوکەی قەومە ڕۆڵەکەم خۆم بۆ حوقووقی میللەتی تۆ تونگ و تۆڵ ئەکەم لەم مەلعەبەی سیاسەتەدا ڕۆژێ گۆڵ ئەکەم ئەو ڕۆژە نیشتمانت لە بێگانە چۆڵ ئەکەم بابە بوێستە وێنەی قەندیل و بێستوون نزێکە دەرکەوێ لە چیای تۆ ڕۆژی ڕوون ++++++++++++++++++++++