ئاڵەکۆک

بابە add_a_photo
بابە دیوانی ئەوڕەحمان بەگی بابان
٣٦. قەومی کورد کەوتۆتە ژێر سێ باری ئیستسمارەوە
قەومی کورد کەوتۆتە ژێر سێ باری ئیستسمارەوە
سیاسەتی ئینگلیز و حوکمی --- غەددارەوە
زوڵم و زۆری شێخ و ئاغای نۆکەری ئەغیارەوە
چۆن ئەژی ئەم کۆمەڵە مەزڵوومە بەم سێ بارەوە
لەم شەوی تاریکەدا ڕووناکی ئاساری نییە
غيرة اللەێ نەبێ ئەم قەومە ڕزگاری نییە
سیاسەتی ئینگلیز گرێی پەیمانی نەوتی ھاتە بەر
قەومی کوردی تەفرە دا کردی بە پێشدار و سوپەر
ھانی دان ئەی قەومی پاشکەوتووی لە عالەم بێخەبەر
ئینتخاب و وێنە ناردن بۆ عیراق جورمە زەرەر
ئیمڕۆ پێویستە کە داوای خۆ بە خۆیی گەل بکەن
تا لە جەلەسەی دوڵەتانا ئەم گرێیە حەل بکەن
ئەو کەسانەی باوەڕی بوو بەم درۆ و ھەڵبەستەیە
کەوتنە ھاواری دەرمان بۆ دەوای ئەم خەستەیە
میللەتی کوردی نەبەز بۆ دیل و زنجیر بەستەیە
ژینی سەربەستی ئەوێ وەک قەومی تر ئەم ھەستەیە
داد و ھاوار زۆر کرا بۆ ئەمن و بۆ عوسبەی ئومەم
پرسیارێ دەرنەچوو لەم کۆمەڵانە زۆر و کەم
نۆسەد و سی ڕۆژی شەش ڕەش بوو لە ئەیلوولی بەناو
ڕەمزی و تۆفیق قەزاز دایانە گرمەی غار و تاو
خەڵقیان ھێنا نەزان و بێ وەج و تەفرە دراو
بەردە بارانی سەرایان کرد بەپێی تەرتیب کراو
ئینتیخابی وێنە ناکەین بۆ عیراقی ڕەنجەڕۆ
بەسیە ئیتر تێ ئەکۆشین بۆ ژیانی خۆ بە خۆ
حوکمەت ئەمری دا بە لەشکر فەوجی ڕەشاش کەوتە ڕێ
خۆی کوتایە ناو سەراوە وەزعی وەرگرت دەس بەجێ
کەوتە دەسڕێژ بۆ نەزان و بێ وەجی بێ دەست و پێ
مەلحەمەی کوبڕای لە بەر دەرگای سەرا ھێنایە جێ
ھێرشی خوێنی شەھیدان ھەر وەکوو لافاوی شەڕ
لاشە و جەرگ و دڵی کوژراوەکانی دایە بەر
گاڵی شێخ مەحموودی دا ھەڵسە لە دێی پیرانەوە
تۆڵەی ئەم کوشتاری کوردە بێنەرە مەیدانەوە
شێخ بە گورجی خۆی و ھێزی کەوتەوە جەوڵانەوە
چەند نەواحی و دێیەکی ھێنایە ژێر فەرمانەوە
گەییە ئاو باریکی کەرکووک خۆی و ھێزی کەوتە داو
ھەڵمەتی دانی بە مەردی خەتی لەت کرد شەو لە ناو
جەھلی کوردی کرد بە ئالەت شۆڕشی پێ نایەوە
بەر سەرا خوێنی لە ئاوباریک شەپۆلی دایەوە
ئەمجا پەیمانی عیراق و نەوتی خستە کایەوە
ئەم دوو پەیمانە بە خوێنی قەومی کورد نووسرایەوە
خوێنی کوردی پێ ڕژاند و عارەبی پێ بەستەوە
مونتەھای ئامانجی بەم پەیمانە خستە دەستەوە
شێخ و ئاغا ھەریەکە گۆڤاری نەوباوەی ھەیە
بۆ ھەموو کاتێ لە خزمەت ساحیبا مادەی ھەیە
تەسوییەی دێھات و لەزمەی نەھر و سەرچاوەی ھەیە
لای فەلا و مسکین و ڕەنجبەر سەد خوڕ و خادەی ھەیە
سێ چیا بابە بە جارێ وا بە شانی کوردەوە
تێک ئەچێ ڕۆژێ بە دەستی قارەمانی کوردەوە
لە ساڵی ١٩٣٠ میلادی پیاوە بەنرخەکان و قەومیەت پەرەستەکانی عیراق بۆ موعاھەدەی عیراق و بەریتانیا و موعاھەدەی نەوتی عیراقی بە چەشنێ کە ئیستعمار ئەیەوێ، موعاریز بوون سیاسەتی بەریتانیا لە نەزانی قەومی کورد شارەزا بوو، کوردی عیراقی تەفرە دا و کردنی بە ئالەتی دروست بوونی ئەم موعاھەدەیە موافیقی پێویستی خۆی لەم خسووسەوە ئەم دەستە بەستە نووسراوە.

پەراوێز edit