ئاڵەکۆک

بابە add_a_photo
بابە دیوانی ئەوڕەحمان بەگی بابان
٣٧. قەڵەمم کۆڵ و کولە مەدحی زەھاوی ناکەم
قەڵەمم کۆڵ و کولە، مەدحی زەھاوی ناکەم
باسی عیلم و ئەدەبی بەرز و بڵاوی ناکەم
ڕۆژ کە مەعلوومە ئەمن مەدحی ھەتاوی ناکەم
چونکە تا ڕۆژی حەشر، خەتم و تەواوی ناکەم
ھەرچی فەرمووتە کەمە، لازمە لام شوکرانی
چونکە بۆ ژینەوەی ئەم فازیلە ھەر تۆی بانی
فیکری تیژی بە مەسەل ھەر وەکوو ڕادارێ بوو
یەک نەزەر کاشیفی ھەر موشکیل و ئەسرارێ بوو
سینەی پاکی کوتابخانەی سەییاری بوو
لە خەزێنەی ئەدەبا گەوھەری شەھوارێ بوو
شۆرەتی ھەر وەکوو ڕۆژە بە کسووف گیرابوو
وات ڕەھا کرد، کە لە پڕ نوور و زیا پەیدا بوو
عالمێکی وەکوو موفتی کە لە پاش عەسرێ ساڵ
کەس نەبوو فەضڵ و دەھای بەرزی بھێنێتە خەیاڵ
بەمە ھێناتەوە سەر تەختی زەمانی ئیقباڵ
بارَكَ الله لَك ئەی زوبدەی ئەحفادی خاڵ!
غیرەتی قەومییەتت لایقی ئیستحانە
خۆشەویستی وەتەنت حُبُّ مِنَ الايمانە
شێخ ئەبووبەکری مصنف کە بە تۆ باپیرە
لە ھەموو کردەوەتا، پشت و پەنا و دەستگیرە
خزمەتت لای ھەموو کوردێ جێی نەزەر و تەقدیرە
بابە! ئەم عائیلە مەزھەری لوتفی پیرە
غیرەتی قەومییەتت بەم ئەسرە گەییە فەلەک
قەومی کورد شوکرت ئەکەن، تیرە بە تیرە، لەک بە لەک

پەراوێز edit