لاوەکانم! نەنگە مەگرین بۆ برای خنکاوتان
بەرزیی داری قەنارە بێننە بەر چاوتان
سەرکەون بەم دارەدا تاکوو بمێنێ ناوتان
مردنێ وا بێ ژیانە بۆ گەلی فەوتاوتان
گەرچی مەلعوونە قەنارە، موژدە بەخشە بۆ حەیات
پەیژەی سەرکەوتنە بۆ تەختی ئازادی وڵات
تافەتافی خوێنی کوردە ھەر وەکوو لافاوی شەڕ
ھەر لە موکری تاکوو بەغدا دەشت و سەحرای گرتە بەر
دیجلە خوێناوی شیمالیشی بە جارێ کردە سەر
باغی ئازادی بە بەحری وا نەبێ چۆن دێتە بەر
گەر سیاسەت مەنعی ئازادی بە بومبا و دار ئەکا
میللەتی کورد نابەزێ یاری بە دار و نار ئەکا
لاوەکانم قەومی کورد حەققی ژیانی بۆ نەبێ
شیو و شاخی مەخزەنی ئاڵتونە نانی بۆ نەبێ
سەربەخۆییی قەومی مادە، بۆ گەلی کورد عیبرەتە
لاوەکانم بەس نییە ئەم دیلییە، ئەم زیللەتە؟
لاوەکان! دەستی من و داوێنی پاکی ئێوە بێ
نەک حەرامزادەی وەتەن ھی لاوی چاکی ئێوە بێ
گەر جیھان بێتە عەدوو چاوی لە لاکی ئێوە بێ
نیشتمانی کورد ئەبێ سەرپاکی خاکی ئێوە بێ
بابە لاوان یا بەچەک یا خۆ بە عیرفان یا بە فەن
ھەر ئەبێ ئازادی کەن لەم دیلییە دایکی وەتەن