ئاڵەکۆک

بابە add_a_photo
بابە دیوانی ئەوڕەحمان بەگی بابان
٣٤. عەسری شەشەم نەما و سەری عەسری حەوتەمین
عەسری شەشەم نەما و سەری عەسری حەوتەمین
ئەقوامی ئاسیایی ھەموو کەوتە شۆڕ و شین
جەنگیز بە جەیشی زۆر و مەغوول و تەتارەوە
تۆفانی ئاگرێ بوو لەسەر، ھاتە خوارەوە
شاری نەھێشت، دێھاتی نەھێشت، گەییە بەحری ڕەش
دونیا بڵێسەی ئاگر و تۆفانی خوێنی گەش
تەنھا لە شاری بەڵخ و بوخارا و لە قەندەھار
کوشتاری ھەر یەکێکی پتر بوو لە سەد ھەزار
خوارزمشا، کە شایێ بوو چالاک و دەسوەشێن
ئێران و خاکی کوردی ھەموو کردبوو بە خوێن
ئەم شایە خەسم و دوژمنی کورد بوو لە پێشەوە
ئەقوامی کوردی خستبووە ژان و ئێشەوە
خۆی و سوپای بەوێنەی حەیوان و جانەوەر
کەوتبووە کوردەواری، بە کوشتار و شۆر و شەڕ
پێشی مەغوولی گرت، بە سوپاھێکی مەردەوە
کەوتە جیدالەوە، بە دڵێکی نەبەردەوە
حەوت جەنگی کرد، بە مەردی لەگەڵ لەشکری تەتار
گاھ سەرئەکەوت و زاڵ ئەبوو و گاھێ زەبوون و زار
کۆڵی ئەدا و دیسان ھەڵمەتی ئەبردەوە
بەم ھەڵمەتانە گۆی لە مەغوولان نەبردەوە
ھێزی نەما لە ئاخریا کەوتە سەر فیرار
تەعقیبکەری بوو جەیشی مەغۆلی لە گشت دیار
ھەر چەند شایێ بوو وەکوو شێری شەڕ و نەبەرد
خۆی خستە بەختی کوردەوە دڵ پڕ لە داخ و دەرد
شاھ و ئەمیری کورد کە ھەموو خەسمی جانی بوو
کاتێ کە جێی نەمایەوە جێگەی ئەمانی بوو
ڕای کردە سێبەری شەھی بەتلیسی نامدار
لێی بورد لە جورمی پێشەوە، شاھی کەرەمدار
میوانی کرد لە بەتلیسی جەننەت نموونەدا
ئەنعامی زۆری کرد، لەگەڵ ئەم خەسمی خوونەدا
جەیشی مەغۆل لە شوێنیەوە ھاتن بە دەستوبرد
تا ئەم نێچێرە بەرزە بستێنن لە دەستی کورد
ئەم لەشکری مەغوولە وەکوو ساعیقەی بەڵا
گەییە چ جێیێ، کردی بە سەحرای کەربەلا
ھەر شار و دێیێ ھاتە بەری، کەوتە گیرەوە
کوشتاری لێ کرا بە ماڵ و بە پیرەوە
وان و حەکاری، ئەرجیش و ئەرزان و ماردین
زی ڕووحی تیا نەما، ھەموو کوژرا بە قەھر و کین
لەو ناوەدا بە مەردی سەرۆکی «کرێشە» بوو
وێنەی پڵنگ بە ھەڵمەت و وەک شێری بێشە بوو
سەرعەشرەتی کرێشە بە خۆی و بە خوێشەوە
بۆ ئەم سوپای دڕندەیە ڕۆییشتە پێشەوە
لێیدا لە پێشداری مەغۆل، بردیە پاشەوە
سەردارەکانی دوژمنی خستە تەڵاشەوە
شاھان و سەروەران و ئەمیرانی قەومی کورد
چاویان لە زەبر و زەنگی ئەمیری کرێشە کرد
ھەڵیانکوتایە لەشکری دوژمن وەکوو پڵنگ
کوشتیان لە تۆڵەدا، لە عەدوو ھەرچی کەوتە چنگ
شاهانی کورد و میری کرێشە وەکوو ئەسەد
بۆ ئەم هجوومی لەشکری تاتارە بوونە سەد
ئەم جەنگە پڕ خوێنە لە مەحشەر نموونە بوو
بۆ پاشی ئەو پەناهی نەڕەشای زەیوونە بوو
ئەم لەشکری مەغۆل و تەتارە لە جەنگی کورد
غالب نەبوو گەڕایەوە پاشی، بە دەستوبرد
ھجوومی چەنگیز خان بە لەشکری مەغوول و تاتارەوە بۆ ئاسیای ناوەڕاست و بۆ ئێران و کوردستان ساڵی ٦١٦ی کۆچی:

پەراوێز edit