عارەقی سەر کوڵمە یا ئاونگی سەر پەڕەی گوڵە؟
تک تکی ڕشتەی دوڕڕ و یاقووتە، گەردانەی ملە
پەرچەمە کەوتۆتە سەر ڕوخساری ئاڵی پەنبەیی
یا لە باخی ئەرخەوانیدا وەنەوشەی سەر چڵە؟
خەتی تازەی دەوری لێوە، یا لە گوڵزاری ڕووا
حەلقە حەلقە دەوری غونچەی داوە دەستەی سونبولە؟
ناڵە ناڵم ھاتە گوێ، پرسیم لە شانە، پێی وتم
پەرچەمی ئەم شۆخە، نازانی: کە زیندانی دڵە؟
ئەم بەر و ئەو بەر قەنارەی جەرگ دڵ بوو ڕێگەکەی
دەرسی قەسابی ئەخوێنێ ئەم ھەتیوە سەر چڵە
سەیری میحرابی برۆم کرد و کەوانی خستە کار
تیری موژگانی لە جەرگم دا؟ دەرونم کاولە
پێی ئەڵێم: بۆ چی بە ناحەق کوشتمت جورمم چ بوو؟
پێم ئەڵێ بابە ئەجەل ھێنایتیە ئەم خاک و گڵە