زاتی تۆ جێی فیز و نازە، بۆ وەتەن، بۆ نیشتمان
بۆ ھەموو کەس ئاستان و دەرگەھەت «دارُ الأمان»
با خسووس بۆ تیپی تازەی طالبات و طالبان
ھەر بە سەربەرزی بژی ئەی مەرجیعی پیر و جوان
ڕیزی تازەی لاوی قەومت بەندەی دەرگاھتن
سەرنگوون بن ئەو کەسانەی ناحەز و بەدخواھتن
ئەو کەسەی نانی وەتەن ئەخوا لە خزمەت بێبەشە
کردەوەی دەرحەق بە لاوانی وەتەن فێڵ و غەشە
با لە ڕوویشا بێ وەکوو سپیاوی زەنگی ڕووکەشە
عاقیبەت مانەندی شەیتان دەرکراو و ڕووڕەشە
تۆ لە سەر تەختی دڵی قەومی، بە جەبھەی پاکەوە
مازییی پڕ خزمەت و موستەقبەلی ڕووناکەوە
ھەر بژیت ئەی فەیلەسووفی قەومی کوردی دڵحەزین
تۆ تەبیبی بۆ تەداوی عیللەت و دەرد و برین
تێ ئەکۆشی تا بە زانین میللەت و قەومت بژین
بارَكَ الله! بارَكَ الله! ئافەرین! سەد ئافەرین!
بابە! مێژوونووسی گەورە، ڕەھبەری زانیستییە
عیلم و زانین، پێشڕەوی ئازادی و سەربەستییە