ئەسیری دوێنی ئەمڕۆ ئەحرارە
ڕەنجبەری دوێنێ ئیمڕۆ سەرکارە
بەندی و کەلەبچە، دیلی و سێدارە
ھەر خاسەی قەومی کوردی ھەژارە
ئەی کورد! ھۆشت بێ عەسری بیستەمە
لە جوو و لە جاوە بڵێ چیت کەمە؟
شەرقی ناوەوە دەشت و شاخانی
دیجلە و فورات و زاب و سیروانی
ھەر لە لوڕستان، تاکوو بۆتانی
لە شیمالەوە، تا ئەریوانی
ھەمووی ھی تۆیە تێیدا نۆکەری
ئاغای ماڵت بە، بەسیە ڕەنجبەری
بە فێڵ و فڕی وەعزی دیانەت
بویتە پێشمەرگەی سوپای خەلافەت
یارییەی تورکدا بۆ جمھووریەت
ئێستا پێت ئەڵێ تورک ی بەدتینەت:
کورد میللەت نییە تورکی شاخییە
بێ مێشک و ھۆشە لە من یاخییە
چل حکوومەتی کورد ئازا و سەربەخۆ
تورک ئەی دان بە کوشت ھەموو خۆ بە خۆ
بۆ بەرزی تەختی خەلیفەی درۆ
بابە بەسی بێ مەبن دەسخەڕۆ
کرمانج و زازا دوازدە ملێونن
دەس بدەنە چەک تۆڵە بسێنن