ئاڵەکۆک

بابە add_a_photo
بابە دیوانی ئەوڕەحمان بەگی بابان
١. ئاغا مڵکی تۆ ئەکێڵم بەندە و مسکێنی تۆم
ئاغە مڵکی تۆ ئەکێڵم بەندە و مسکێنی تۆم
ڕۆژی سەغڵەت نۆکەری خەنجەر وەشێنی شوێنی تۆم
شیر و ماستی ڕۆژ بە ڕۆژ و گیسک و کاوڕ ھێنی تۆم
ھەر ڕقی ھەڵسا بە دایک و باوکەوە پڕ جوێنی تۆم
بێ زمان و کەس نەزان و فێری بارکێشی و کەرم
بارەکەت زۆر قورسە ئاغا! چۆن لە ژێری دەربەرم؟
گەنم و جۆکەم پێگەییشت ھاتی بە دوو سێ جەردەوە
کەوتییە ناو شارا و مڵۆکانم بە بگرە و بەردەوە
دەورەیێکی ناوپەرێزت دا بە شێف و وەردەوە
خەمڵی شارا و جێ پەرێزت کرد بە شیو و ھەردەوە
ڕەحمی کرد، گوایا، بە حاڵم، گەنمی دانا شەش تەغار
نەموێرا ھاوار بکەم ترسام لە زللە و داری پار
گەنمەکەم سوور بوو، حەقم دانێ بە وەرزێر و سەپان
یەک بە یەک پێوام لە خەرمان ڕەسمی کۆڵ کێش و شوان
مام ڕەزاش ھات پێی وتم کوا ئوجرەتی گاگێرەکان
ھەر وەکوو بڕیار درابوو، شەش ڕەبەیشم دا بەوان
شەش تەغار بوو خەمڵەکەم، مەوجودەکەم ئێستا دووە
ئەم ڕسوومی ناوبراوەش ھەر لە خەرمان دەرچووە
یەک تەغارم مایەوە کردمە جەواڵ و نام لە کەر
وردە وردە لێم خوڕی تا گەیمە دیواخان و دەر
کاتی تەسلیم کردنم ئاغا وتی: ئەی بێ خەبەر!
چل ڕبە مڵکانەتە. دە ڕبەی ترت ماوە لەسەر
من پەژارەی نانی وشکم بوو ئەمیشی ھاتە بان
زۆری لێ پاڕامەوە خێری نەبوو، گریە و فوغان
گایێکم مابوو فرۆتم دام بە ئاغا پارەکەی
ڕستگارم بوو لە زنجیر و فەلاقە و دارەکەی
یا مریشک و ھێلکە بردن بۆ کوڕی سەرکارەکەی
ڕەببی مەحوی کەیتەوە خۆی و زەوی و ئاوبارەکەی!
پەتک و گونیەم نایە کۆڵ وێنەی فەلای تر ھاتمە شار
چاوەڕوانم بابە ڕۆژێ غيرة الله بێتە کار
ئەم ھۆنراوە بۆ وەسفی زەویدارێکی زۆردار و زاڵم نووسراوە کە ھیچ درۆ و ھەڵبەستی تیا نییە.

پەراوێز edit