ئاڵەکۆک

بابە add_a_photo
بابە دیوانی ئەوڕەحمان بەگی بابان
٣. ئەم خاکە کە مێژووی گەلی کوردی لە دڵایە
ئەم خاکە کە مێژووی گەلی کوردی لە دڵایە
تەقسیمە بە بەش ھەر بەشێکی کەوتۆتە لایە
ھێند زاڵمە تورک ئەو بەشە لە کوردەی لە گەڵایە
ئەیکا بە نیشانەی ھەموو ئەنواعی بەڵایە؟ !
بۆ خاتری ئەم تۆوە لەجیدا بڕزێنێ
تۆوی لە نوێی خۆی لە زەوی و زاری بچێنێ
کورد ھەڵمەتی ڕۆما و شەڕی قەیسەری دیوە
ڕێگای لە سوپای زەینەفونی یۆنانی بڕیوە
تاج و عەلەمی شاھی ئاشووری دڕیوە
چل عەسرە بە خوێن ئەم وەتەنی خۆیە کڕیوە
نامرێ ابد الدهرە ژیانی، دڵی شادە
میراتگری شاھانی کەیی و میللەتی مادە
جەنگیوە لەگەڵ جەیشی مەغول، لەشکری تاتار
بۆ فاتیح و بێگانە ئەبەد نەچووەتە ژێر بار
تورکی لە وەتەن دەربەدەری خوار و ستەمکار
تەتریکی ئەکا ئێستە بە زۆری کوتەک و دار
بڕیاری دووەل وا بوو کە ئەم تورکە نەمێنی
کورد یارمەتی دا، تۆڵەی خۆی بۆ لە ئەو ئەسێنی؟ !
ئەو تورکە لە سەلجووقی و عوسمانی کە ماوە
وەک قەترەیەکە تێکەڵی دەریاچەی ئاوە
خوێن و ڕەگەزی ڕۆمە ئەتراکی ئەنادۆڵی
ھەر ڕۆمییە لای میللەتی کورد ناوە کڵۆڵی
کورد و عەرەب ئێستا کە یەکن ھەر لە عیراقا
ڕووناکە حەقی ھەر دوو لە دەستوور و سیاقا
بەشداری یەکن ھەر دوو لە خۆشی و لە مەشاقا
با خەسم و عەدوو قوڕ بە سەرا کەن لە مەراقا
کاکی عەرەب! ئەم ھەیکەلی زۆر بەرز و بە جێیە
ئسیباتە بە تاریخی جیھان ھی من و تۆیە
لافاوی سەلیب گەرچی فەلەستین مەبەستی بوو
بۆ زەربەیێ لەم دینە خەیاڵ و ھەوەسی بوو
ئەو ڕۆژە شەھەنشایەکی کورد زۆری دەسی بوو
ئەم دین و فەلەستینە ھەر ئەو دادڕەسی بوو
بەو زەبرە کە لێی دان بە سوپای تیژ و مەھیبی
دەرسی ئەبەدی دا بە ھەموو جەیشی سەلیبی
لەو ڕۆژەوە کورد دینی قەبووڵ کرد بە ئەساسی
ھاوشانی عەرەب خزمەتی ئیسلامە خەواسی
تاریخی ئەبا موسلیمی کورد ئەڵبەت ئەناسی
تەختی فراوانی چلۆن دا بە عەباسی
گۆڕاندنی تاریخی گەلێ نازک و وردە
ھەڵگێڕەوەی ئەم سەفحەیە زۆری دەسی کوردە
ئەم حوکمەتی ئێرانە بە پێی ڕۆژ و زەمانە
بۆ چ لەم گەلی کوردە کە، کەوتۆتە بەھانە
نازانێ نەوەی مادە، لە شاھانی کەیانە
ئیسباتی ئەمە بابە تەواریخی جیھانە
گەھ فورس و گەھێ کورد بوو شاھی کیشوەری ئێران
شاھانی کەیان مادن و کوردن شەھی ساسان
قارەمانی کورد و خاکی کوردستان

پەراوێز edit