بۆ قەڵەم دڵ لەت لەتە، فرمێسک ئەڕێژێ، شین ئەکا؟
خامە بۆ خامۆشە ناڵەی بێسەدا ئەسرین ئەکا؟
ئیستعارە و قافیە بۆ مەیلی ڕووپۆشین ئەکا
ئەھلی عیرفان و ئەدەب، بۆ گریەیی خوێنین ئەکا
شینی تۆیە یادگاری دەوری ڕابردووی بەبان!
دڵبریندارن لە کورد قەومی کورد، پیر و جوان
تۆ بە عەسرێ عومرەوە لاوێکی عەسری بیستەمی
مەجلیس ئارا، نیکتەگۆ، حازرجواب و ھەمدەمی
نەشری خامەت شاھیدە، بۆ شیعر و ئینشا مولھەمی
موعجیزەی عەسری حەدیس و خاریقەی دەوری جەمی
یادی کۆنی قەومە جێی دایتێ لە گردی یارەدا
ئاخری ناشتت لەناو جەرگ و دڵی سەد پارەدا
پەندی پێشینانی تۆ سیحری حەڵاڵی کوردییە
نەسر و نەزمت سەھلی مەمنووعە نەزیری ھەر نییە
بیر و فیکری نازک و وردت خوایی و وەھبییە
وێنەیەکی بەرز و ڕووناکی زمانی میللییە
نامرێ بابە بە شیعری تازە و ڕەنگینەوە
تەرجەمەی بەیتی مەم و زین، مێژوویی بە نگینەوە