شاعیر: بابە کتێب: دیوانی ئەوڕەحمان بەگی بابان سەرناو: بۆ قەڵەم دڵ لەت لەتە فرمێسک ئەڕێژێ شین ئەکا سەبارەت: بۆ چل ڕۆژەی پاش کۆچی دوایی ئەدیبێکی ناوداری کورد (پیرە مێرد) بێژراوە. - ١٩٥٠/٦/٢٠ بۆ قەڵەم دڵ لەت لەتە، فرمێسک ئەڕێژێ، شین ئەکا؟ خامە بۆ خامۆشە ناڵەی بێسەدا ئەسرین ئەکا؟ ئیستعارە و قافیە بۆ مەیلی ڕووپۆشین ئەکا ئەھلی عیرفان و ئەدەب، بۆ گریەیی خوێنین ئەکا شینی تۆیە یادگاری دەوری ڕابردووی بەبان! دڵبریندارن لە کورد قەومی کورد، پیر و جوان تۆ بە عەسرێ عومرەوە لاوێکی عەسری بیستەمی مەجلیس ئارا، نیکتەگۆ، حازرجواب و ھەمدەمی نەشری خامەت شاھیدە، بۆ شیعر و ئینشا مولھەمی موعجیزەی عەسری حەدیس و خاریقەی دەوری جەمی یادی کۆنی قەومە جێی دایتێ لە گردی یارەدا ئاخری ناشتت لەناو جەرگ و دڵی سەد پارەدا پەندی پێشینانی تۆ سیحری حەڵاڵی کوردییە نەسر و نەزمت سەھلی مەمنووعە نەزیری ھەر نییە بیر و فیکری نازک و وردت خوایی و وەھبییە وێنەیەکی بەرز و ڕووناکی زمانی میللییە نامرێ بابە بە شیعری تازە و ڕەنگینەوە تەرجەمەی بەیتی مەم و زین، مێژوویی بە نگینەوە ++++++++++++++++++++++