شەرتی ڕۆژووە نیەتی ئینسان
بە شەو بۆ ڕۆژووی ڕۆژی ڕەمەزان
نابێ ھیچ عەینێ بە ڕۆژا بڕوا
بە خاڵیایی ئەندامی تۆدا
وەکوو کراکە و برناخ و گەروو
سک، بەر و دوا، حاڵی ببە زوو
زەرەری نییە بە دڵ نەلەرزی
بگاتە ڕەگت دەرمانی دەرزی
ھەم بێزەرەرە دەرمانی ئەجزا
با تەئسیر بکا لە مۆخ و ئەعزا
چونکی سک نییە بە عورف و عادەت
«مغني» ببینە و وەربگرە حیکمەت
بەڵێ کە دەرزی گەییە نێوی سک
ڕۆژوو ئەشکێنێ بەبێ شوبھە و شک
زەرەری نییە تۆزی سارا و دەشت
تەئسیری کلیش کە چاوت پێ ڕەشت
دووکەڵی کوورەیش بە قەدەر عادەت
نەک ھی جگەرەی تاڵی پڕ بیدعەت
پارێز لە عەمدی جیماع و ئینزال
خۆ ڕشانەوە شەرتە بێ جیدال
جیماعی عەمدی بۆ شەخسی فاعیل
قەزا و کەفارەت پێی ئەبێ حاسیل
ئازاد کردنی عەبدێکی بە دین
لە عەیبی عەمەڵ سالم بێ و ئەمین
جا ڕۆژووی دوو مانگ لەپاش ڕەمەزان
ئیفتاری ڕۆژووی نەیەتە ناویان
ئینجا نان دانی شەست کەسی میسکین
بۆ ھەر یەکێکیان موددێ، قووتی ژین