ئاڵەکۆک

شاھۆ add_a_photo
شاھۆ دیوانی شاهۆ
٧٩. ئۆف خوا چی بکم بەدەس ئەم زاڵمەی دڵ بەردەوە
ئۆف خوا چی بکم بەدەس ئەم زاڵمەی دڵ بەردەوە
ڕۆژ و شەو دائیم دەناڵم من بە ڕەنگی زەردەوە
شاری نامەعموورە سینەم پڕ لە شۆر و شیوەنە
وەختە پەڕ دەرکا دڵم، وێڵ بێ بە کێو و ھەردەوە
جەرگ و دڵ لەت بوو بە ئێش و نێشی موژگانی برۆت
ئەی گوڵی ناسک بەدەن مردم بە ئێش و دەردەوە
وەختێ تۆ دوور بی لە پێش چاوم قەسەم بەو چاوە کاڵی چاوی تۆ
گەھ بە واوەیلا ئەنینم، گەھ بە ئاھی سەردەوە
دڵ بەبێ تۆ گیانەکەم تەسکین و ئارامی نییە
دائیمەن ھەر وا بە فیکری گەردنی بێ گەردەوە
مانگ و خۆر نووریان لەڕووی پڕ نووری تۆ وەرگرتووە
عەکسی عەتر و ناسکی تۆیە بە غونچە و وەردەوە
چاوی تۆ بازاڕی شوعلەی موشتەری و زوھرەی شکاند
بەرق و باق و نیم نیگای دیارە لە ژێری پەردەوە
موونسی ڕۆژ و شەوم عەشق و خەیاڵت ویردی دڵ
تۆیش ھەمیشە بیر و ھۆشت وا بەلای نامەردەوە
چۆن لە داخا شایقت نەگری و نەناڵێنی بە زار
تۆ بە کەیف و بەزم و ڕەزم و ئەو بە ناڵە و دەردەوە

پەراوێز edit