شاعیر: شاھۆ کتێب: دیوانی شاهۆ سەرناو: ئۆف خوا چی بکم بەدەس ئەم زاڵمەی دڵ بەردەوە ئۆف خوا چی بکم بەدەس ئەم زاڵمەی دڵ بەردەوە ڕۆژ و شەو دائیم دەناڵم من بە ڕەنگی زەردەوە شاری نامەعموورە سینەم پڕ لە شۆر و شیوەنە وەختە پەڕ دەرکا دڵم، وێڵ بێ بە کێو و ھەردەوە جەرگ و دڵ لەت بوو بە ئێش و نێشی موژگانی برۆت ئەی گوڵی ناسک بەدەن مردم بە ئێش و دەردەوە وەختێ تۆ دوور بی لە پێش چاوم قەسەم بەو چاوە کاڵی چاوی تۆ گەھ بە واوەیلا ئەنینم، گەھ بە ئاھی سەردەوە دڵ بەبێ تۆ گیانەکەم تەسکین و ئارامی نییە دائیمەن ھەر وا بە فیکری گەردنی بێ گەردەوە مانگ و خۆر نووریان لەڕووی پڕ نووری تۆ وەرگرتووە عەکسی عەتر و ناسکی تۆیە بە غونچە و وەردەوە چاوی تۆ بازاڕی شوعلەی موشتەری و زوھرەی شکاند بەرق و باق و نیم نیگای دیارە لە ژێری پەردەوە موونسی ڕۆژ و شەوم عەشق و خەیاڵت ویردی دڵ تۆیش ھەمیشە بیر و ھۆشت وا بەلای نامەردەوە چۆن لە داخا شایقت نەگری و نەناڵێنی بە زار تۆ بە کەیف و بەزم و ڕەزم و ئەو بە ناڵە و دەردەوە ++++++++++++++++++++++