ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات › شاری دڵ ›
٩٤. زستان
زستانە، بەفرە، حەشرە، وڵات پڕ لە ناڵەناڵ
دێوی سپی بە قینەوە هات، بۆتە پیرەزاڵ

هێند قورسە، هێند گرانە، هەڵستانی حەستەمە
وەک مۆتەکە١ لە سەر سەر و سینگمانە٢ مانگ و ساڵ

سەر سینگی گرتووین و هەناسە نەما بە کەس
کەوتووینە ژێر کلیلەوە، دەبزووینەوە بە حاڵ

ئینسان لە ژوورێ ماونەوە، وەک کەوی قەفەس
وەک مەیتە پیرەڵۆکێ لە عەرزا ببن شەڵاڵ

ماوین؛ بەڵام چ مان؟ بە خودا مەرگ خۆشترە
مەرگێکە نێوی ژینە، چ ژین؟ ژینی ترش و تاڵ

بێ‌باڵ نەماوە گەر دەرەتانی، تەنانەتیش
باڵدارەکان ـ فەقیرە! ـ هەموو کەوتوون لە باڵ!

هەر پێکەنین بوو کاتی بەهاران دەهاتە گوێ
هەر زیڕەزیڕە ئێستە لە سەرمان و زاڵەزاڵ

کیژان بە توێی کراسێ لە گەشت بوون و گوڵ‌چنین
ئێستێ لە خۆ وەکۆوە دەکەن سەت سڕ و سیپاڵ

هێندەم تەمەن ببایە کە دەمدی بە چاوی خۆم
ئەو کاتە خۆشە دێنەوە سیسارک و پیرەداڵ

یادی بەخێرێ٣ کاتی بەهار و کزەی شەماڵ
سەیران و شایی گرتنی لاوان و کیژوکاڵ

چەند شۆخ و شەنگ و جوان و لەبەردڵ دەچوونە باغ
بەرز و بڵند و دڵبەر و لێوئاڵ و چاوکەژاڵ

یادی بەخێرێ ئەو دەمە قاسپەی کەوان دەهات
جوانیان دەڕشت نێرە و مێ ڕیزە وردەخاڵ

ئەو کاتە، ئەو دەمانە کە خێڵ دەچنە بەندەنێ
یادیان بەخێرێ بێریی و کابانی گەورەماڵ

جێ‌ژوان بەتاڵە، داخۆ کوڕ و کیژی نیشتمان
هێشتا لە بیریانە؟ لە دڵ‌دا دەکەن خەیاڵ؟

داخوا دووبارە دێتەوە گوێمان و دێ بەهار
دەنگی شوان و تووڕەیی بلوێر لە هەرد و یاڵ؟

داخوا دەگەینە فەسڵی بەهار و دەژینەوە؟
وەک گیا و گوڵ لە ژێر زەوییا، دێنەدەر مناڵ؟

کاکی 'ئیمامی' تۆ تەمەنت زۆرە، حەستەمە
بووژانەوەت بە تاوی بەهار، موشکیلە و مەحاڵ!

١. لە چاپی ئەنیسیدا وشەی مۆتەکە بە شێوەی 'مۆتە، کە' نووسراوە کە ئاشکرایە هەڵەی تایپە.
٢. چاپی جەعفەر: سینگانە
٣. هەردوو چاپی ئەنیسی و جەعفەر: یادی بەخێرێ
قاقڵاوا، ١٣٥٠ی هەتاوی
(لاپەڕە ١٠١ و ١٠٢ ی دیوانی چاپی جەعفەر و ١٤٨ تا ١٥٠ ی چاپی ئەنیسی)

پەراوێز edit