شاعیر: ئاوات کتێب: شاری دڵ سەرناو: زستان سەبارەت: قاقڵاوا، ١٣٥٠ی هەتاوی - (لاپەڕە ١٠١ و ١٠٢ ی دیوانی چاپی جەعفەر و ١٤٨ تا ١٥٠ ی چاپی ئەنیسی) زستانە، بەفرە، حەشرە، وڵات پڕ لە ناڵەناڵ دێوی سپی بە قینەوە هات، بۆتە پیرەزاڵ هێند قورسە، هێند گرانە، هەڵستانی حەستەمە وەک مۆتەکە١ لە سەر سەر و سینگمانە٢ مانگ و ساڵ سەر سینگی گرتووین و هەناسە نەما بە کەس کەوتووینە ژێر کلیلەوە، دەبزووینەوە بە حاڵ ئینسان لە ژوورێ ماونەوە، وەک کەوی قەفەس وەک مەیتە پیرەڵۆکێ لە عەرزا ببن شەڵاڵ ماوین؛ بەڵام چ مان؟ بە خودا مەرگ خۆشترە مەرگێکە نێوی ژینە، چ ژین؟ ژینی ترش و تاڵ بێ‌باڵ نەماوە گەر دەرەتانی، تەنانەتیش باڵدارەکان ـ فەقیرە! ـ هەموو کەوتوون لە باڵ! هەر پێکەنین بوو کاتی بەهاران دەهاتە گوێ هەر زیڕەزیڕە ئێستە لە سەرمان و زاڵەزاڵ کیژان بە توێی کراسێ لە گەشت بوون و گوڵ‌چنین ئێستێ لە خۆ وەکۆوە دەکەن سەت سڕ و سیپاڵ هێندەم تەمەن ببایە کە دەمدی بە چاوی خۆم ئەو کاتە خۆشە دێنەوە سیسارک و پیرەداڵ یادی بەخێرێ٣ کاتی بەهار و کزەی شەماڵ سەیران و شایی گرتنی لاوان و کیژوکاڵ چەند شۆخ و شەنگ و جوان و لەبەردڵ دەچوونە باغ بەرز و بڵند و دڵبەر و لێوئاڵ و چاوکەژاڵ یادی بەخێرێ ئەو دەمە قاسپەی کەوان دەهات جوانیان دەڕشت نێرە و مێ ڕیزە وردەخاڵ ئەو کاتە، ئەو دەمانە کە خێڵ دەچنە بەندەنێ یادیان بەخێرێ بێریی و کابانی گەورەماڵ جێ‌ژوان بەتاڵە، داخۆ کوڕ و کیژی نیشتمان هێشتا لە بیریانە؟ لە دڵ‌دا دەکەن خەیاڵ؟ داخوا دووبارە دێتەوە گوێمان و دێ بەهار دەنگی شوان و تووڕەیی بلوێر لە هەرد و یاڵ؟ داخوا دەگەینە فەسڵی بەهار و دەژینەوە؟ وەک گیا و گوڵ لە ژێر زەوییا، دێنەدەر مناڵ؟ کاکی 'ئیمامی' تۆ تەمەنت زۆرە، حەستەمە بووژانەوەت بە تاوی بەهار، موشکیلە و مەحاڵ! ١. لە چاپی ئەنیسیدا وشەی مۆتەکە بە شێوەی 'مۆتە، کە' نووسراوە کە ئاشکرایە هەڵەی تایپە. ٢. چاپی جەعفەر: سینگانە ٣. هەردوو چاپی ئەنیسی و جەعفەر: یادی بەخێرێ ++++++++++++++++++++++