ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
٩. چ بکەم؟
دەڵێن گیراوە ئیمڕۆکە عەزیزی میسری دڵ، چ بکەم؟
لە پاش ئەو، من لەگەڵ دڵ - شێت و پێتی وابەکوڵ، چ بکەم؟
ئەوە جوان و جحێڵ و پاک و خاوێن، بۆچی گیراوە؟
منی پیر وپەشیمان و گونەهکار و خەجیل چ بکەم؟
نەماوە باغ و ڕاغ و ڕەونەقی سەحرا، خوا مەرگێ!
گوڵووکات چوو لەبەر ئەو، من لە دەشتی پڕ چقڵ چ بکەم؟
لە باغێکدا کە گوڵ ڕۆیی بە تاڕاجی خەزان، جا من
وەکوو بولبول نەسووڕێم دار بەدار و چڵ بەچڵ، چ بکەم؟
یەکێک چەپکێکی گوڵ هێنا لەحەوشی خانەقا بۆمن
منی بێ ڕەنگ و بۆ ئاخر بە جارێک چەپکەگوڵ چ بکەم؟
دەسم هێندە هەڵێنا بۆ تەمەننا، وشک و ڕەق ماوە
لەمەولا تاکو ماوەی ژینمە، بێ دەست‌ و پل چ بکەم؟
نەسیبم هەر نەبوو ئەم ئاووخاکە، بشمرم بێ جێم
بە دەردی خۆمەوە دەتلێمەوە، بێ ئاووگڵ چ بکەم؟
گرانە دەردی دووری، بەم لەشە چۆن هەڵگرم باری؟
زەعیف و پیر و بێ هێز و قەوەت، بێ شان و مل، چ بکەم؟
'ئیمامی' هێندی خەم خوارد عادەتی پێ گرتووە، یاڕەب!
دەسووڕێ بێ وچان، گێژە لە دەردی چەرخ وخول چ بکەم؟
لاپەڕە ٢٠ ی دیوانی چاپی ئەنیسی - زەنبیل، ١٣٤٨ ی هەتاوی [١٩٦٩ ز]

پەراوێز edit