شاعیر: ئاوات کتێب: شاری دڵ سەرناو: چ بکەم؟ سەبارەت: لاپەڕە ٢٠ ی دیوانی چاپی ئەنیسی - زەنبیل، ١٣٤٨ ی هەتاوی [١٩٦٩ ز] دەڵێن گیراوە ئیمڕۆکە عەزیزی میسری دڵ، چ بکەم؟ لە پاش ئەو، من لەگەڵ دڵ - شێت و پێتی وابەکوڵ، چ بکەم؟ ئەوە جوان و جحێڵ و پاک و خاوێن، بۆچی گیراوە؟ منی پیر وپەشیمان و گونەهکار و خەجیل چ بکەم؟ نەماوە باغ و ڕاغ و ڕەونەقی سەحرا، خوا مەرگێ! گوڵووکات چوو لەبەر ئەو، من لە دەشتی پڕ چقڵ چ بکەم؟ لە باغێکدا کە گوڵ ڕۆیی بە تاڕاجی خەزان، جا من وەکوو بولبول نەسووڕێم دار بەدار و چڵ بەچڵ، چ بکەم؟ یەکێک چەپکێکی گوڵ هێنا لەحەوشی خانەقا بۆمن منی بێ ڕەنگ و بۆ ئاخر بە جارێک چەپکەگوڵ چ بکەم؟ دەسم هێندە هەڵێنا بۆ تەمەننا، وشک و ڕەق ماوە لەمەولا تاکو ماوەی ژینمە، بێ دەست‌ و پل چ بکەم؟ نەسیبم هەر نەبوو ئەم ئاووخاکە، بشمرم بێ جێم بە دەردی خۆمەوە دەتلێمەوە، بێ ئاووگڵ چ بکەم؟ گرانە دەردی دووری، بەم لەشە چۆن هەڵگرم باری؟ زەعیف و پیر و بێ هێز و قەوەت، بێ شان و مل، چ بکەم؟ 'ئیمامی' هێندی خەم خوارد عادەتی پێ گرتووە، یاڕەب! دەسووڕێ بێ وچان، گێژە لە دەردی چەرخ وخول چ بکەم؟ ++++++++++++++++++++++