واعیزێ دەیگوت 'کەسێ زانا بێ، تۆبەی کردووە'
دڵ، بە وەعزی وا، کەچی تۆبەی لە تۆبەی کردووە
ئەو دەڵێ 'دوور بە لە یاری شۆخ و شەنگ و نازەنین'
دوور لە یار، شێتە کەسێ وەعزی لە گوێچکەی کردووە
یاری شۆخ و شەنگ و نەرم ونۆڵ و چاوکاڵ و مەمک
دووهەناری گوڵ بەدەم، تازە شکۆفەی کردووە
هەرکەسێ بۆی دەس بدا ساتێ لە ئامێزی گرێ
تا لە دونیادا دەژی، دڵخۆشە، ئۆخەی کردووە
من شەوێکی گرتمە ئامێز و کەچی زەینم کە دا،
وا ڕەقیبی بەد مەزەب لەولاوە کوشمەی کردووە
تێکیدا عەیشم، شکاندی هەم دڵم هەم پیاڵەکەم
ماوەیەک بوو ماڕزە لێم ڕوون بوو سوسەی کردووە
واعیز و سۆفی و ڕەقیب هەرسێ لەگەڵ من دوژمنن
خاسە مام سۆفی لە کاری ئێمە ڕەخنەی کردووە
دڵ وەکوو تەیرە، کە دێتە دەرکی یار، سۆفی دەڵێ
بیکووژن وەیشووم لە سەر وێرانە لانەی کردووە
کوندەبوو بۆخۆیەتی بەو ڕیشەوە، بەو تیشەوە
ڕیشەکەی تیشەی هەزار دەست وپەلی پەی کردووە
هەرکەسێکی گەر ئەویندار و بریندار بێ دڵی
سۆفیانی ڕیش درێژ خوێنیان لە کاسەی کردووە
بۆ 'ئیمامی' واعیز و سۆفی و ڕەقیب فەرقی نییە
دڵ بە دەست ئەو سیانەوە گوێت لێیە وی وەی کردووە