ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
٨٣. بەسەرت!
گیانە، شمشیری برۆت خوێن دەڕژێنێ، بەسەرت!
ڕۆژی ڕووشت بە خودا، دڵ دەچزێنێ، بە سەرت! ١

من بە هۆی ڕووتەوە هاتم کەچی شمشیری برۆت
کوشتمی بێ خەبەر و کردویە خوێنێ، بە سەرت!

خوێنی من سوورە، لەسەر کوڵمەتە، مەیشارەوە لێم
لەگەڵ ئەو شیری برۆت کێشە بوو دوێنێ، بەسەرت! ٢

یانی کوڵمت وەکوو ڕۆژە کە بە زولفی ڕەشی خۆت
داینەپۆشی، دڵ و جەرگم دەکوڵێنێ، بەسەرت!

بەو هەموو سوێندە، کەسی من، بە سەری تۆ، هۆنەر
ئارەزووی بوو کە مەحەببەت بنوێنێ، بەسەرت! ٣

گەر دەکێشی لە منی غەمزەدە شیر، ڕۆژی ڕووت
ون کە، با ئاسودە بم تاکوو سبەینێ، بە سەرت! ٤

کامیل' ئەمڕۆ بە کوڵ وجۆشە، لە سایەی گوڵی ڕووت
وەکوو بولبول بە خرۆش، خۆش دەخوێنێ، بەسەرت! ٥

١. چاپی ئەنیسی: ڕوشت.
٢. ئەو میسراعە لە چاپی ئەنیسیدا نییە و بە هۆی ئەو ڕاستییەوە کە شوێنەکەی بەتاڵ ڕاگیراەوە، وێدەچێت هۆکارێکی تەکنیکی لە ئارادا بووبێت.
٣. چاپی جەعفەر: موحەببەت. وشەکە لە زمانی فارسیدا شێوازی موحەببەت و لە کوردیشدا زۆر جار هەمان شێوەی موحیببەتی هەیە. من شێوازی چاپی ئەنیسیم ڕەچاو کرد کە ئەوەندەی بزانم لە ئەسڵە عەرەبییەکەشیدا وەهایە.
٤. چاپی ئەنیسی: سبەینی (دەبێ هەڵەی تایپ بێت).
٥. چاپی ئەنیسی: دەخووێنێ. نووسینی وشەکە بە دوو پیتی /واو/ لە هەڵەی تایپ دەچێت نەک کاری مامۆستا خۆی. وشەی خوێندن بە دوو /واو/ نەبینراوە.
(قاقڵاوا، ١٣٣٥ ی هەتاوی)
لاپەڕە ٧٩ ی چاپی جەعفەر و ٦٢ و ٦٣ ی چاپی ئەنیسی.

پەراوێز edit