ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
٨٢. نەسیمی نەوبەهار
بە تەڕدەستی نەسیمی نەوبەهار هات
بە گورجیش ڕۆیەوە، من مام و ئاوات

ئەرێ ئەی سەروی باڵابەرزی خۆش ڕەنگ!
ئەوەندە بۆ لەبارە بەژن و باڵات؟

لەبەر بەرزی، وەباڵی عاشقانت
نەگەییە گەردنت، هەیهاتە هەیهات!

بە دڵسەردی بەجێ ماوم لە هاواڵ
چ سەرگەرمم بە عەشقی ئاڵ و واڵات

دەمێ دڵسەرد و گا سەرگەرمی تۆم من،
کەچی تۆشی دەگەڵ من بێ موبالات!

لە دووریی تۆ وەکوو بولبول دەناڵم
بە هەڵبەست و قسەی خۆش و مەقالات

لە شەترەنجی خەیاڵت بازیگەر بوو
بەدەس فیلی فیراقت بووم کش ومات

بەقوربانی وەفات بێ، گەرچی نیتە
'ئیمامی' هەر دەڵێ دوور بی لە ئافات
(قاقڵاوا، ١٣٣٥ ی هەتاوی)
لاپەڕە ٧٥ ی چاپی جەعفەر و ٥٦ و ٥٨ ی چاپی ئەنیسی.

پەراوێز edit