ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
٨١. قەزات لە من کەوێ!
دوێ نەخۆش بووی کە ئەمن هاتمە لات
ئەی قەزای تۆ لە منی تاقە برات!

بە شەو و ڕۆژ لەخودا دەخوازم
لە منی غەمزەدە بێ، دەرد وبەڵات!

ون نەبێ نووری جەماڵت یاخوا!
لە من و مەملەکەت و خەڵکی وڵات

سەروی قەددت کە لە بوستانی وەفا١
ئاودرا، دوور بێ لە دەرد و ئافات٢

مەجلیست گەرم وگوڕ و ڕووناک بێ،
قەت نەکووژێتەوە یاڕەببی چرات!

وەکو پەروانە لە تۆ هاڵاوین
هەر ئەتۆی خاوەنی فەیز وبەرەکات

کاکە! برژۆڵی منە بۆتە گەسک
پێی دەماڵم هەموو خاکی دەرگات

چونکە بۆتە کلە بۆ چاوی من٣
دیدە و ماڵ و سەرم بێ بە فیدات

'کامیل'ت شێت بوو کە تۆی ناساز دی،
سەری خۆی ناوە، بە بێهۆشی هەڵات

١. چاپی جەعفەر: بۆستانی
٢. چاپی ئەنیسی: ئاودار. دڵنیام هەڵەی چاپە
٣. چاپی ئەنیسی: چاوی برات.
(قاقڵاوا، ١٣٣٥ ی هەتاوی)
لاپەڕە ٧٤ ی چاپی جەعفەر و ٥٦ و ٥٧ ی چاپی ئەنیسی.

پەراوێز edit