شاعیر: ئاوات کتێب: شاری دڵ سەرناو: بەسەرت! سەبارەت: (قاقڵاوا، ١٣٣٥ ی هەتاوی) - لاپەڕە ٧٩ ی چاپی جەعفەر و ٦٢ و ٦٣ ی چاپی ئەنیسی. گیانە، شمشیری برۆت خوێن دەڕژێنێ، بەسەرت! ڕۆژی ڕووشت بە خودا، دڵ دەچزێنێ، بە سەرت! ١ من بە هۆی ڕووتەوە هاتم کەچی شمشیری برۆت کوشتمی بێ خەبەر و کردویە خوێنێ، بە سەرت! خوێنی من سوورە، لەسەر کوڵمەتە، مەیشارەوە لێم لەگەڵ ئەو شیری برۆت کێشە بوو دوێنێ، بەسەرت! ٢ یانی کوڵمت وەکوو ڕۆژە کە بە زولفی ڕەشی خۆت داینەپۆشی، دڵ و جەرگم دەکوڵێنێ، بەسەرت! بەو هەموو سوێندە، کەسی من، بە سەری تۆ، هۆنەر ئارەزووی بوو کە مەحەببەت بنوێنێ، بەسەرت! ٣ گەر دەکێشی لە منی غەمزەدە شیر، ڕۆژی ڕووت ون کە، با ئاسودە بم تاکوو سبەینێ، بە سەرت! ٤ کامیل' ئەمڕۆ بە کوڵ وجۆشە، لە سایەی گوڵی ڕووت وەکوو بولبول بە خرۆش، خۆش دەخوێنێ، بەسەرت! ٥ ١. چاپی ئەنیسی: ڕوشت. ٢. ئەو میسراعە لە چاپی ئەنیسیدا نییە و بە هۆی ئەو ڕاستییەوە کە شوێنەکەی بەتاڵ ڕاگیراەوە، وێدەچێت هۆکارێکی تەکنیکی لە ئارادا بووبێت. ٣. چاپی جەعفەر: موحەببەت. وشەکە لە زمانی فارسیدا شێوازی موحەببەت و لە کوردیشدا زۆر جار هەمان شێوەی موحیببەتی هەیە. من شێوازی چاپی ئەنیسیم ڕەچاو کرد کە ئەوەندەی بزانم لە ئەسڵە عەرەبییەکەشیدا وەهایە. ٤. چاپی ئەنیسی: سبەینی (دەبێ هەڵەی تایپ بێت). ٥. چاپی ئەنیسی: دەخووێنێ. نووسینی وشەکە بە دوو پیتی /واو/ لە هەڵەی تایپ دەچێت نەک کاری مامۆستا خۆی. وشەی خوێندن بە دوو /واو/ نەبینراوە. ++++++++++++++++++++++