ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
٧٢. پاڕانەوە
ڕووڕەشی دەرگای خودام و سەرفکەندەی موستەفا
شەرمەساری ڕۆژی حەشر و مل کەچی ئالی عەبا

چارەڕەش، شەو تا بەیانی هەر ئەم و ئەولا دەکەم،
هەروەکوو ماری بریندار هەڵدەسووڕێم بێ سەدا

ڕوو لە کوێ کەم یاڕەبی! چ بکەم لە دەس عیسیانی زۆر؟
غەیری دەرگای تۆ نییە دەرکێ کە ڕەحمم پێ بکا

دێمە دەرگاکەت کە بۆ چاک و خراپ ئاواڵەیە
کەوڵ و پێستم ڕادەخەم تا هەم لە دونیای بێ وەفا١

هەر ئەوەندەم بەس کە تۆم ناسی و لە تۆ داوا دەکەم
لێم ببووری و خۆش ببی لێم و نەسێنی لێم جەزا

ڕووم ڕەشە ئەمما سەر وڕیشم وەکوو بەفری سپی
بەو سەر وڕیشەم ببەخشە، نەک بە ڕووی هێندە سیا!

'کامیل' ە ناوم، بەڵام ناقیس لە دونیا مامەوە
چونکە بێ مەیلیی ئەتۆم زۆر کرد هەتا توانیم، خودا! ٢

١. چاپی ئەنیسی: کەوڵ و پۆستم
٢. چاپی ئەنیسی: 'هەتا توانیم خود' کە ئاشکرایە هەڵەی چاپە.
(قاقڵاوا، ١٣٦٢ ی هەتاوی)
لاپەڕە ٥٩ ی چاپی جەعفەر و ٩ و ١٠ ی چاپی ئەنیسی

پەراوێز edit