شاعیر: ئاوات کتێب: شاری دڵ سەرناو: پاڕانەوە سەبارەت: (قاقڵاوا، ١٣٦٢ ی هەتاوی) - لاپەڕە ٥٩ ی چاپی جەعفەر و ٩ و ١٠ ی چاپی ئەنیسی ڕووڕەشی دەرگای خودام و سەرفکەندەی موستەفا شەرمەساری ڕۆژی حەشر و مل کەچی ئالی عەبا چارەڕەش، شەو تا بەیانی هەر ئەم و ئەولا دەکەم، هەروەکوو ماری بریندار هەڵدەسووڕێم بێ سەدا ڕوو لە کوێ کەم یاڕەبی! چ بکەم لە دەس عیسیانی زۆر؟ غەیری دەرگای تۆ نییە دەرکێ کە ڕەحمم پێ بکا دێمە دەرگاکەت کە بۆ چاک و خراپ ئاواڵەیە کەوڵ و پێستم ڕادەخەم تا هەم لە دونیای بێ وەفا١ هەر ئەوەندەم بەس کە تۆم ناسی و لە تۆ داوا دەکەم لێم ببووری و خۆش ببی لێم و نەسێنی لێم جەزا ڕووم ڕەشە ئەمما سەر وڕیشم وەکوو بەفری سپی بەو سەر وڕیشەم ببەخشە، نەک بە ڕووی هێندە سیا! 'کامیل' ە ناوم، بەڵام ناقیس لە دونیا مامەوە چونکە بێ مەیلیی ئەتۆم زۆر کرد هەتا توانیم، خودا! ٢ ١. چاپی ئەنیسی: کەوڵ و پۆستم ٢. چاپی ئەنیسی: 'هەتا توانیم خود' کە ئاشکرایە هەڵەی چاپە. ++++++++++++++++++++++