ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
٦٥. دەروێشم و دڵ ڕێشم
دەروێشم و دڵڕێشم، دێوانەم و بێ لانەم
وەک کوندم و هەڵنیشتووی کاولاشم و وێرانەم

بێ دایکم و بێ بابم، بێ مام و برا ماوەم
لەم ئاخری عومرەمدا وادیارە کە تاقانەم

جێ و مەوتەنی من پرسن، هەر چۆڵگە و سارایە١
مەجنوونم و سەرگەردان لەو بەندەن و شاخانەم

بێچارە و داماوم، خەمبار و پەرێشانم
وەک بسکی پەرێشانم، هەروا بە تەمای شانەم

تا باشی بڵاوکا لێک، ئەندامی لەکارکەوتووم،
بابردەیی ئەو دەشت و سارا و بیابانەم٢

وەک بولبولی نەسرەوتوو هەرتاوە لە دارێکم
هەرکاتە لەبارێکم بۆ ئەو دڵە بریانەم

کەوتوومە نەفەس تەنگی وەک کەو لە قەفەس دا بێ
لەشمە قەفەسم ئەمما، بێ ئاوم و بێ دانەم

بەو حاڵەتەوە سەیرە، عاشق بە قەد و باڵام
کووژراوی بەر و بەرموور، گیرۆدەیی لەرزانەم!

بەو بەندی ئەوێستاکەم دیاری بووە لای عالەم٣
نێو تاقمەیی هۆنەر، تەنیاکوڕ و تاقانەم٤

لای جانەوەران ئەمڕۆ قەدرم فرەیە، چونکە
وەک کاکی 'ئیمامی' خۆم، لەو کێو و نزارانەم

١. چاپی جەعفەر: چۆڵگە وو سارایە
٢. چاپی ئەنیسی: بیابانم (دەبێ هەڵەی چاپ بێت).
٣. چاپی جەعفەر: مەعلووم بووە لای عالەم
٤. هەردوو چاپی ئەنیسی وجەعفەر بە شێوەی 'تەنیا کوڕ'یان نووسیوە واتە بۆشاییەکیان خستۆنە نێوان دوو وشەکەوە. من تەنیاکوڕم بە یەک چەمکی سەربەخۆ دانا و وەک یەک وشەی پێکهاتوو لە دوانم سەیر کرد ئینجا پێکەوەم نووساندن.
(قاقڵاوا، ١٣٥٤ی هەتاوی)
لاپەڕە ١٤٢ و ١٤٣ی چاپی جەعفەر و ١٨ و ١٩ی چاپی ئەنیسی

پەراوێز edit