شاعیر: ئاوات کتێب: شاری دڵ سەرناو: دەروێشم و دڵ ڕێشم سەبارەت: (قاقڵاوا، ١٣٥٤ی هەتاوی) - لاپەڕە ١٤٢ و ١٤٣ی چاپی جەعفەر و ١٨ و ١٩ی چاپی ئەنیسی دەروێشم و دڵڕێشم، دێوانەم و بێ لانەم وەک کوندم و هەڵنیشتووی کاولاشم و وێرانەم بێ دایکم و بێ بابم، بێ مام و برا ماوەم لەم ئاخری عومرەمدا وادیارە کە تاقانەم جێ و مەوتەنی من پرسن، هەر چۆڵگە و سارایە١ مەجنوونم و سەرگەردان لەو بەندەن و شاخانەم بێچارە و داماوم، خەمبار و پەرێشانم وەک بسکی پەرێشانم، هەروا بە تەمای شانەم تا باشی بڵاوکا لێک، ئەندامی لەکارکەوتووم، بابردەیی ئەو دەشت و سارا و بیابانەم٢ وەک بولبولی نەسرەوتوو هەرتاوە لە دارێکم هەرکاتە لەبارێکم بۆ ئەو دڵە بریانەم کەوتوومە نەفەس تەنگی وەک کەو لە قەفەس دا بێ لەشمە قەفەسم ئەمما، بێ ئاوم و بێ دانەم بەو حاڵەتەوە سەیرە، عاشق بە قەد و باڵام کووژراوی بەر و بەرموور، گیرۆدەیی لەرزانەم! بەو بەندی ئەوێستاکەم دیاری بووە لای عالەم٣ نێو تاقمەیی هۆنەر، تەنیاکوڕ و تاقانەم٤ لای جانەوەران ئەمڕۆ قەدرم فرەیە، چونکە وەک کاکی 'ئیمامی' خۆم، لەو کێو و نزارانەم ١. چاپی جەعفەر: چۆڵگە وو سارایە ٢. چاپی ئەنیسی: بیابانم (دەبێ هەڵەی چاپ بێت). ٣. چاپی جەعفەر: مەعلووم بووە لای عالەم ٤. هەردوو چاپی ئەنیسی وجەعفەر بە شێوەی 'تەنیا کوڕ'یان نووسیوە واتە بۆشاییەکیان خستۆنە نێوان دوو وشەکەوە. من تەنیاکوڕم بە یەک چەمکی سەربەخۆ دانا و وەک یەک وشەی پێکهاتوو لە دوانم سەیر کرد ئینجا پێکەوەم نووساندن. ++++++++++++++++++++++