ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
٥٩. نان و خوان
دڵی من موبته‌لای باڵا بڵندی نۆجوانێکه‌
له‌ده‌وری دێ و ده‌چێ دایم، عه‌جایب پاسه‌وانێکه‌!

برۆی چه‌شنی که‌وان، برژۆڵی تیره‌، بسکی زنجیره‌
ئه‌سیری ته‌پکه‌یی بسک و کوژه‌ی تیروکه‌وانێکه‌

له‌ ئێش و ئۆف و ناڵین و هه‌ناسه‌ی خۆی هه‌راسانه‌
هه‌میشه‌ گوێ به‌ ئاوازی شنه‌ی کاتی به‌یانێکه‌

هه‌موو گیانم وه‌کوو قامیش هه‌ڵۆڵ و کون کونه‌، کاکه‌!
ئه‌گه‌ر ڕاستت ده‌وێ ئاماده‌ بۆ بلوێری شوانێکه‌!

کزه‌ی کاتی به‌یان هه‌ر وه‌ک کزه‌ی جه‌رگی برینداره‌
که‌چی دڵ واده‌زانێ مه‌ڵحه‌می هه‌ر ئێش و ژانێکه‌!

وه‌ریوه‌ مووی سه‌ر وڕیشم له‌به‌ر پیری و خه‌مباری
له‌ باغی عه‌مری فه‌وتاوم، ئه‌ویش بۆخۆی خه‌زانێکه‌

'ئیمامی' جه‌رگی برژاوی مه‌زه‌ی فرمێسکی چاوی بوو
ئه‌ویش وا خاوه‌نی سفره‌ و که‌باب و نان و خوانێکه‌‌
(قاقڵاوا، ١٣٥٩ ی هه‌تاوی)
لاپەڕە ١٩٠ ی چاپی جه‌عفه‌ر ولاپه‌ڕه‌ ٣١ ی چاپی ئه‌نیسی‌

پەراوێز edit