ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
٤٢. چ بکه‌م؟
به‌ یادی شه‌معی ڕوخسارێکی، دڵ ئیحیا نه‌که‌م، چ بکه‌م؟
به‌ شه‌وقێکی وه‌ها، چاری شه‌وی یه‌ڵدا نه‌که‌م، چ بکه‌م؟

وه‌کوو مه‌جنوونی ماڵ کاول ده‌ر وده‌شت بۆته‌ مه‌ئوای من
له‌ حه‌یفی عاقڵان، خۆم شێتی ڕووی له‌یلا نه‌که‌م، چ بکه‌م؟

له‌ کۆڕی عیشقبازاندا نه‌ماوه‌ قه‌دری ڕۆح و سه‌ر
وه‌کوو په‌روانه‌ بۆ ڕووی ئه‌و، به‌ڕۆح سه‌ودا نه‌که‌م، چ بکه‌م؟

ده‌ڵێن یار خاکی به‌رپێی سورمه‌یه‌، بۆ چاومی دێنم
به‌ کوێرایی ڕه‌قیبی لامه‌زه‌ب ئه‌ی وا نه‌که‌م، چ بکه‌م‎؟

به‌ شه‌رتێ بێته‌ لام، شه‌ته‌ سه‌رم دانێم له‌ پێناوی
ئه‌گه‌ر بۆ گاوگه‌ردون ڕۆح و سه‌ر ژێرپا نه‌که‌م، چ بکه‌م؟

له‌ دووریی وی گه‌دام و دێته‌ لام، وه‌ک شا ده‌بینم خۆم
له‌ چوون و هاتنی، خۆم وه‌ک گه‌دا، وه‌ک شا نه‌که‌م، چ بکه‌م؟

ئه‌گه‌ر با بۆنی تۆ بێنێ، ئیمامی وا ده‌ڵێ گیانه‌
که‌ من ڕۆح و سه‌رم قوربانی ڕێگه‌ی با نه‌که‌م، چ بکه‌م؟
(گه‌ردیگلان، ١٣٢٠ ی هه‌تاوی)
لاپەڕە ١٤٠ ی چاپی جه‌عفه‌ر و ١٤ ی چاپی ئەنیسی. ‌

پەراوێز edit