ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
٤١. ئه‌مه‌ژینه‌؟
تۆخوا ئه‌مه‌ ژینه‌ که‌ وه‌ها که‌وتمه‌ شه‌شده‌ر؟
ڕێی چوونه‌ده‌رم هه‌ر به‌ خه‌ویش نایه‌ته‌وه‌ به‌ر

هه‌رکه‌س به‌ هه‌وایێک و به‌ سازێ له‌ سه‌مایه
ئه‌منیش نه‌ هه‌وام ماوه‌ نه‌ ساز و نه‌ هه‌ماوه‌ر

خوایه‌ چ ته‌لیسمێکه‌ که‌ من که‌وتمه‌ نێوی!
چه‌ند مه‌حکه‌م و بێ ڕێگه‌یه‌، وه‌ک سه‌ددی سکه‌نده‌ر!

ئه‌عزام که‌ به‌ قوڕدا چووه‌، زیندانی به‌ڵایه‌
ئه‌م مه‌سکه‌نه‌، جێی بێکه‌س و مسکینه‌ سه‌راسه‌ر

هه‌ر چوومه‌ ده‌رێ، خۆزگه‌ به‌ ناوماڵێ ده‌خوازم
گه‌ر دێمه‌وه‌ ژوورێ که‌چی ئاواتمه‌ بۆ ده‌ر!

زوو سه‌ڵته‌نه‌تم بوو، که‌چی ئێستا ئه‌وه‌ سه‌ڵتم
جاران وه‌کوو شا بووم و ئه‌وێستاکه‌ قه‌له‌نده‌ر

مه‌نفوور و سه‌گ و بێ ئه‌ده‌ب و شه‌رم و حه‌یایه‌،
هه‌رکه‌س بگرم من چ به‌ نۆکه‌ر چ به‌ سه‌روه‌ر!

وه‌خته‌ وه‌کو دێوانه‌ وه‌کێوی بده‌م ئه‌وڕۆ
غه‌م قووتمه‌، غه‌م به‌رگمه‌، غه‌م هه‌مده‌م و یاوه‌ر
(قاقڵاوا، ١٣٣٧ ی هه‌تاوی)
لاپەڕە ٩١ ی چاپی جه‌عفه‌ر و ٣٦ و ٣٧ ی چاپی ئەنیسی. ‌

پەراوێز edit