شاعیر: ئاوات کتێب: شاری دڵ سەرناو: ئه‌مه‌ژینه‌؟ سەبارەت: (قاقڵاوا، ١٣٣٧ ی هه‌تاوی) - لاپەڕە ٩١ ی چاپی جه‌عفه‌ر و ٣٦ و ٣٧ ی چاپی ئەنیسی. ‌ تۆخوا ئه‌مه‌ ژینه‌ که‌ وه‌ها که‌وتمه‌ شه‌شده‌ر؟ ڕێی چوونه‌ده‌رم هه‌ر به‌ خه‌ویش نایه‌ته‌وه‌ به‌ر هه‌رکه‌س به‌ هه‌وایێک و به‌ سازێ له‌ سه‌مایه ئه‌منیش نه‌ هه‌وام ماوه‌ نه‌ ساز و نه‌ هه‌ماوه‌ر خوایه‌ چ ته‌لیسمێکه‌ که‌ من که‌وتمه‌ نێوی! چه‌ند مه‌حکه‌م و بێ ڕێگه‌یه‌، وه‌ک سه‌ددی سکه‌نده‌ر! ئه‌عزام که‌ به‌ قوڕدا چووه‌، زیندانی به‌ڵایه‌ ئه‌م مه‌سکه‌نه‌، جێی بێکه‌س و مسکینه‌ سه‌راسه‌ر هه‌ر چوومه‌ ده‌رێ، خۆزگه‌ به‌ ناوماڵێ ده‌خوازم گه‌ر دێمه‌وه‌ ژوورێ که‌چی ئاواتمه‌ بۆ ده‌ر! زوو سه‌ڵته‌نه‌تم بوو، که‌چی ئێستا ئه‌وه‌ سه‌ڵتم جاران وه‌کوو شا بووم و ئه‌وێستاکه‌ قه‌له‌نده‌ر مه‌نفوور و سه‌گ و بێ ئه‌ده‌ب و شه‌رم و حه‌یایه‌، هه‌رکه‌س بگرم من چ به‌ نۆکه‌ر چ به‌ سه‌روه‌ر! وه‌خته‌ وه‌کو دێوانه‌ وه‌کێوی بده‌م ئه‌وڕۆ غه‌م قووتمه‌، غه‌م به‌رگمه‌، غه‌م هه‌مده‌م و یاوه‌ر ++++++++++++++++++++++