شاعیر: ئاوات کتێب: شاری دڵ سەرناو: چ بکه‌م؟ سەبارەت: (گه‌ردیگلان، ١٣٢٠ ی هه‌تاوی) - لاپەڕە ١٤٠ ی چاپی جه‌عفه‌ر و ١٤ ی چاپی ئەنیسی. ‌ به‌ یادی شه‌معی ڕوخسارێکی، دڵ ئیحیا نه‌که‌م، چ بکه‌م؟ به‌ شه‌وقێکی وه‌ها، چاری شه‌وی یه‌ڵدا نه‌که‌م، چ بکه‌م؟ وه‌کوو مه‌جنوونی ماڵ کاول ده‌ر وده‌شت بۆته‌ مه‌ئوای من له‌ حه‌یفی عاقڵان، خۆم شێتی ڕووی له‌یلا نه‌که‌م، چ بکه‌م؟ له‌ کۆڕی عیشقبازاندا نه‌ماوه‌ قه‌دری ڕۆح و سه‌ر وه‌کوو په‌روانه‌ بۆ ڕووی ئه‌و، به‌ڕۆح سه‌ودا نه‌که‌م، چ بکه‌م؟ ده‌ڵێن یار خاکی به‌رپێی سورمه‌یه‌، بۆ چاومی دێنم به‌ کوێرایی ڕه‌قیبی لامه‌زه‌ب ئه‌ی وا نه‌که‌م، چ بکه‌م‎؟ به‌ شه‌رتێ بێته‌ لام، شه‌ته‌ سه‌رم دانێم له‌ پێناوی ئه‌گه‌ر بۆ گاوگه‌ردون ڕۆح و سه‌ر ژێرپا نه‌که‌م، چ بکه‌م؟ له‌ دووریی وی گه‌دام و دێته‌ لام، وه‌ک شا ده‌بینم خۆم له‌ چوون و هاتنی، خۆم وه‌ک گه‌دا، وه‌ک شا نه‌که‌م، چ بکه‌م؟ ئه‌گه‌ر با بۆنی تۆ بێنێ، ئیمامی وا ده‌ڵێ گیانه‌ که‌ من ڕۆح و سه‌رم قوربانی ڕێگه‌ی با نه‌که‌م، چ بکه‌م؟ ++++++++++++++++++++++