ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
٣٢. به‌هارستان
ئه‌وڕۆ به‌هاره‌، سه‌یری چه‌مه‌ن خۆشه‌ خوار و ژوور
ڕازاوه‌ باغ به‌ سه‌رو و چنار و گوڵ و چنوور
گیا سه‌وز و جۆگه‌ سه‌وز و گه‌ڵا سه‌وز و بێشه‌ سه‌وز
دار سوور و لاله‌ سوور و چه‌مه‌ن سوور و خونچه‌ سوور
به‌م سه‌وز و سووره‌ بوو دڵی عاشق که‌ هه‌ڵکزا
پشکۆی له‌ دڵ خراوه‌، ده‌سووتێ وه‌کوو ته‌نوور
ناڵینی به‌ربه‌یانی که‌و و کۆتری ‎شاخ و داخ
ده‌نگی ژیانه‌، گیانه‌، به‌دڵدا ده‌کا عوبوور
شمشاڵه‌، تاره‌، پیانووه‌ گه‌ر بیانوو ناگری
ساقی! که‌ره‌م که‌ پیاڵه‌، مه‌ترسه‌، 'هوالغفور'
هاتوونه‌وه‌ به‌ جه‌م کوڕ و کیژانی دڵڕفێن
هه‌رکه‌س که‌ بێ گوڵ و دڵه‌، لاچێ، بچێته‌ ژوور
زاوایه‌ ئێسته‌ بولبول و گوڵخونچه‌ بووکییه
خاوه‌ن سلووکه، که‌وتووه‌ له‌ولا قونه‌و تلوور
کوێستانه‌، پڕ له‌ ڕاز ونیاز و زمانی حاڵ
جێگه‌ و هیوای حوزووری دڵه، بۆته‌ کێوی توور
له‌م کاته‌، هه‌رکه‌سێ به‌ خه‌یاڵ و به‌ بیری ژین
هه‌ر بولبوله‌ له‌ گوڵ به‌ کوڵه‌، ماوه‌ بێ مشوور
هه‌ر چاوه‌ڕێیه‌ به‌ڵکه‌ ده‌می خونچه‌ پێکه‌نێ
هه‌ڵنیشتووه‌ له‌ باغ و ده‌کا زیکری 'یا صبور'
'ئاوات'ی داخۆ که‌نگێ به‌جێ دێ له‌ گوڵشه‌نا
ئه‌و شێت و پێتی دڵ به‌کوڵی مه‌ست و بێ شعوور!
(قاقڵاوا، ١٣٤٢ ی هه‌تاوی) - لاپەڕە ٨٧ و ٨٨ ی چاپی جه‌عفه‌ر و ٣١ و ٣٢ ی چاپی ئەنیسی

پەراوێز edit