ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
٣١. سروه‌ی سه‌حه‌ر
قوربانی تۆزی ڕێگه‌تم ئه‌ی سروه‌که‌ی سه‌حه‌ر!
ئه‌ی شاره‌زا و به‌ڵه‌د به‌ هه‌موو کێو و ده‌شت وده‌ر!
کاتی گزنگ چیا به‌ نه‌سیمت مونه‌ووه‌ره‌
ڕه‌نگین ده‌بێ له‌ تۆقی سه‌ری ڕا هه‌تا که‌مه‌ر
ئه‌م ڕه‌نگی زه‌رد و سووره‌ له‌ سه‌رڕا به‌ لوتفی خۆت
دێنی به‌ هه‌دیه‌ بۆ ده‌ر وده‌شت کاتی گه‌شت وگه‌ڕ
چه‌شنی کزه‌ی شه‌ماڵ به‌، وه‌ره‌ لام به‌ گه‌رم وگوڕ
وه‌ک ئاهی من به‌ که‌سه‌که‌م، هێنده‌ سارد و سڕ
باش بۆم بگێڕه‌وه‌ چییه‌ باس و خه‌به‌ر له‌وێ
لێره‌، به‌ مه‌رگی تۆ، خه‌مه‌ باس و خه‌مه‌ خه‌به‌ر
ئێمه‌ هه‌موو په‌رۆش و په‌رێشان و هه‌ڵوه‌دا
وه‌ک تۆ هه‌ناسه‌ سارد و سه‌حه‌رخێز و ده‌ربه‌ده‌ر
ئاهه‌نگ و که‌یف و شایی و جێژن و سروورمان
ناڵین و ئاخ و حه‌سره‌ت وخوێن خواردنی جگه‌ر
ڕۆژێ که‌ جێژنه‌، کاتی سرووره‌، که‌چی له‌پڕ
ده‌گرێ به‌ بێ موحاسه‌به‌ ده‌رگا به‌ ئێمه‌، شه‌ڕ
پیاوی جحێڵ و پیره‌ له‌پێش تیری دوژمنان
وێستاوه‌ بێ په‌نا و په‌سیو، بێ زرێ و سوپه‌ر
خێزان و ماڵی دوژمنی مه‌ گوڵ ده‌که‌ن له‌به‌ر
خێزان و خاوی ئێمه‌ که‌چی گڵ ده‌که‌ن وه‌سه‌ر
به‌رموور و خشڵ و زێوه‌ری ماڵی مه‌، موورووه‌
‌‎یاقووت و لەعله‌ خشڵی ژنی وان و زێو و زه‌ڕ
هه‌ریه‌ک به‌ ئێش و ئۆف و به‌ده‌ردێکه‌وه‌ تلاین
هه‌ریه‌ک له‌به‌ر خه‌مـێکه‌ کز و مات و لاڵ و که‌ڕ
چاوی ته‌ڕی گه‌له‌ که‌ ده‌بارێنێ خوێنی گه‌رم
فرمێسکی سووریانه‌ له‌ جێگه‌ی دوڕ و گوهه‌ر
یاڕه‌ببی! چاوه‌ڕێی کزه‌بای ڕه‌حمه‌تین هه‌موو
ڕه‌حمێ به‌ ئاگر و کوڵی دڵ که‌ و به‌ چاوی تەڕ
به‌ڵکوو چرۆ وه‌ده‌رکه‌نه‌وه‌ باغی لاوه‌کان
بێ سایه‌بان و بێ به‌ر و بێ به‌رگ و بێ سه‌مه‌ر
'کامیل'! خودات ده‌گه‌ڵ بێ، به‌ ئاواتی خۆت ده‌گه‌ی
ئه‌مجار به‌ ڕه‌حم و لوتفی خودای خاوه‌نی هونه‌ر
(گه‌ردیگلان، ١٣٢٠ ی هه‌تاوی) - لاپەڕە ٨٩ و ٩٠ ی چاپی جه‌عفه‌ر و ١٥٠ و ١٥١ ی دیوانی چاپی ئەنیسی

پەراوێز edit