ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
٣٠. به‌هاری تازه‌
وا هات به‌هاری تازه‌، شنه‌ی بای شه‌ماڵه‌ دێ
ناقووسی ژینی پڕ له‌ هیوای کیژ وکاله‌ دێ
قاسپه‌ی که‌وی بنار و که‌ژ و کێو و پاڵه‌، دێ
کۆتر له‌ سه‌ر ڕه‌وه‌ز به‌ گمه‌ و ناڵه‌ناڵه‌، دێ
جیکه‌ی مه‌له‌، هه‌رایه‌، وژه‌ی باڵی داڵه‌، دێ
شین بوو زه‌وییو مێگه‌له‌ مه‌ڕ ڕۆیی بۆ له‌وه‌ڕ
پڕ بوو له‌ کاڕه‌کاڕی مه‌ڕی، شیو و ده‌شت و ده‌ر
شوانان که‌په‌نکی تازه‌یی خۆیان ده‌که‌ن له‌به‌ر
هه‌ڵدێنه‌ ناو هه‌واره‌وه‌ کیژان به‌ جلکی ته‌ڕ
بارانه‌، بایه‌، گوڕڕه‌ گوڕی هه‌وری تاڵه‌، دێ
ڕێک چیغ و چادرن ده‌دره‌وشن له‌ سه‌ر چیا
وه‌ک خاڵی ڕه‌ش ده‌چن که‌ له‌ سه‌ر ڕوومه‌تێ درا
ڕندوو له‌ هه‌رکوێ ما، کوڵێ فرمێسکی هه‌ڵڕژا
به‌و بۆنه‌، چابوو خۆ کوڵی دڵ تۆزێ دامرا
کاتی هه‌واره‌، قیژه‌یی کابانی ماڵه‌، دێ
دونیا وه‌کوو به‌هه‌شته‌، سه‌راسه‌ر بووه‌ گوڵووک
خونچه‌، که‌ ده‌ست نه‌خورده‌یه‌، وا بۆته‌ تازه‌ بووک
هه‌رکه‌س گوڵێک به‌ ڕوح نه‌کڕێ، پێی ده‌ڵێن چرووک!
کاتی نه‌ماوه‌ کاکه‌، خه‌م و ئاه و نووکه‌ نووک
کیژان له‌ گوڵچنین و بزه‌ی چاوی کاڵه‌، دێ
تیپی گوڵان گه‌یشت و وڵات بوو به‌ زێو و زه‌ڕ
بولبول به‌ جۆش و کوڵ له‌ نێوان شه‌و ده‌باته‌ سه‌ر
شه‌ونم له‌ سه‌ر چڵۆپی گوڵان که‌وتبوو هبه‌ به‌ر
نه‌رگس به‌ به‌رگی زه‌رده‌وه‌ هێناویه‌ خه‌به‌ر
یانی گوڵاڵه‌ سووره‌ له‌ خوێندا شه‌ڵاڵه‌، دێ
ئه‌منیش هه‌ژار و دڵ به‌ خه‌م و چاوه‌ڕێی په‌یا‌م
کێهه‌ په‌یام؟ په‌یامی ڕه‌فیقانی وه‌ک برام،
پاڕامه‌وه‌ له‌ خالیقی بوون و نه‌بوون، به‌ڵام
هه‌روا به‌ داخه‌وه‌ گله‌مه‌، هه‌ر نه‌بوو وه‌ڵام
وێرانه‌ ماڵ و حاڵ و سه‌دای کونده‌ لاڵه‌، دێ
خوێندی له‌ گوێسوانه‌یی تالاری سه‌وز و سوور
وێرانی کرد و تێکچوو، نه‌ما کۆشکی پڕ سروور
ده‌گڕێ دڵی هه‌ژاری 'ئیمامی' وه‌کوو ته‌نوور
ده‌گری، ده‌ڕێژێ خوێنی گه‌شی، دڵ له‌ خوار و ژوور
هه‌رکوێ ده‌چێ له‌ دووی ئه‌وان، زاڵه‌ زاڵه‌، دێ
لاپەڕە ١٢٢ و ١٢٣ ی دیوانی چاپی ئەنیسی

پەراوێز edit