زوڵفی ڕه‌شی له سه‌ر ڕوو، وه‌ک نیلوپه‌ڕ له ئاوا
په‌خش و بڵاو و ئاڵۆز، لوول و درێژ و تاتا
هاوریشمێکی خاو بوو، به ناز و عیشوه بایدا
وه‌ک ماری زامدار بوو، هاڵا له‌به‌ژن و باڵا
کۆشی ده‌کرد به‌لادا. یارم ته‌شی ده‌ڕێسێ
کوانێ خوریی شه‌کی کاڵ. بکڕم به ڕۆحی شیرین؟
بیده‌م به ده‌ستی یارم بایدا به ناز و ته‌مکین
شی کاته‌وه به شانه، به قامکی نه‌رم و ڕه‌نگین
بیدا ئه‌ویش به نووکی ته‌شی جوان و نه‌خشین
بۆ پارچه‌یه‌کی په‌شمین، یارم ته‌شی ده‌ڕێسێ
مه‌حبووبی نازدارم گرتی ته‌شی به ده‌ستی
ڕیسی موحه‌ببه‌ت و مه‌یل خاوبوو، به کرژی به‌ستی
گرێی دڵان پساندی، به لێو و ده‌ستی به‌ستی
توولی ئه‌مه‌ل درتێژ بوو، سه‌نگینی کرد و خستی
بۆی دانه‌وی به چوستی، یارم ته‌شی ده‌ڕێسێ
له باغی سێ‌و وههرمێ قه‌ده‌م قه‌ده‌م به نه‌رمی
دەچێتە پێش لە گوڵزار بە سەبرێ جوانە شەرمی
له باوه‌شی به پیتی، ده‌گرێ دڵان به گه‌رمی
بولبول ده‌هاته سه‌یری له کاتی به‌زم و ڕه‌زمی
به‌و لار وله‌نجه حه‌تمی یارم ته‌شی ده‌ڕێسێ
کۆڵان و کووچه‌یی دێ ده‌ڕوا به ناز و عیشوه
ده‌گرێ له پیر و له جوان ئه‌و شۆخه باج و ڕیشوه
جحێڵ به زوڵفی لوولی ده‌کا لغاو و ڕه‌شوه
به‌و مه‌کر و فێڵ و حیله، وه‌دیاره مه‌یلی به شوه!
فیکرێکی بیکری کردوه! یارم ته‌شی ده‌ڕێسێ
هۆنراوه‌که‌ی من ئه‌وچه‌ل، خاوێن و بێ بنووکه
وا ڕیسه‌که‌ی به ده‌ستی مه‌ستێکی تازه بووکه
ڕازیم به سه‌ردڕی وی، دا پێی بڵێن به سووکه
ده‌یکه‌م به چۆغه بۆخۆم، بیڕێسه، هه‌سته، زووکه
تۆزێ به نووکه نووکه! یارم ته‌شی ده‌ڕێسێ
کاکی ئیمامی! ڕه‌نگه چۆغهت هه‌موو دڕابێ
به شێتی ڕیسی ڕستی، مه‌علووم ده‌بێ پسابێ
پرسه له کاکی جۆڵا، داخۆ له بۆی کرابێ؟
دوێنێ گله‌م که لێ کرد، ڕه‌نگه دڵی شکابێ
قه‌یناکه، بێ به‌ڵا بێ، یارم ته‌شی ده‌ڕێسێ