ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
٢٢٣. کەوش و کەڵاش
ڕۆژێ بێتاقەتی سەری لێدام
زۆر وەڕەس بووم، بەرەو دەرێ هەستام

گەرچی زستان و سارد و سەرما بوو١
خەمی زستان تەمی لەسەرما بوو

چەکی ڕاوم هەبوو، لە شانم کرد
بیری ڕاو و دەر و گەڕانم کرد

ڕووم لە دەر کرد و چوومە سارایەک
دەرودەشتێکی خۆش، دڵئاوایەک

دیم کە داڵێ لە دوندی شاخێ بوو
لێیدەدا باڵ، ئاخ و داخی بوو

کە وڵاتی ڕەشی لەقیس چووبوو
جێی تەماشای بڵند و ئاسۆ بوو

سەربەرەوژێر، بە چاوی وا جوانی
بۆ نچیرێ، لە خوارێ دەیڕوانی

منی دی، وەیدەزانی نێچیرم
نەیدەزانی مرۆیەکی پیرم!

نە نێچیرم، نە باڵ و پەڕ سووتاو
نە ئەسیرم، نە باڵ و پێ بەسراو

من نە خۆراکی داڵ و ماڵ و قەلم
نە کەلاکم ئەمن، نە کوێر وشەلم

هاتە خوارێ، کە دی منم، تاسا
وەرگەڕاوە بە توندی، زۆر ترسا

ڕووبەڕووم نیشت لە بەردێ، بێچارە
داڵی برسی و هەژار و ئاوارە

کوتی ڕاوچی! منیش ڕەفیقی تۆم
بۆیە هەروا لە شاخ و دەم ئاسۆم

من بە چەنگ و دەنووک و تۆ بە تفەنگ
نزم ئەکەین قاز و باز و شێر و پەڵەنگ

کوتم ئەی داڵ! مەحاڵە پێکەوە بین
تۆ لە هەوران دەڕۆی و من لە زەمین

تۆ بە شاباڵ دەڕۆی و من پێیان
تۆ لە گۆشت کەو دەخۆی و من لەتە نان

نانی وشکم ئەگەر وەچنگ بکەوێ
وەدەزانم هەمە کەبابی کەوێ!

چنگ و دندووک و باڵ لە تۆ جوانە
بێ بەشم من بە جارێ لەو سیانە

بە دەس و پێ و پل و قەناعەتی خۆم
کوانێ موحتاجی تۆ و ڕەفاقەتی تۆم!

١. لە دەقەکەدا هاتووە: گەرچی زستان سارد و سەرما بوو
(لاپەڕە ١٧٨ و ١٧٩ ی چاپی ئەنیسی؛ لە چاپی جەعفەردا نییە)

پەراوێز edit