ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
٢٢٢. ئەوین و ئەجەل
ئەجەل! تۆ کێت هێشت، کێت پاماڵ نەکرد؟
لەشی کێت بە داخ، کۆی زوخاڵ نەکرد؟

کێهە مەجنوونت نەبردە شاخان،
نەتکوشت ئاخری بە ئاخ و داخان؟

پرچی کام لەیلت نەخستە گۆزە؟
تووشی کێت نەکرد گریان و سۆزە؟

لە کام شیرینت تاڵ نەکرد ژیان
لێت نەسەند بەزۆر، بە تۆپزی، گیان؟ ١

ئەوین! بە ئایەت ئیشی تۆ زۆرە
برینت لە دڵ زۆر بە ناسۆرە

کام دڵت بە دڵ ئاشنا نەکرد؟
ئەمت بەو، ئەو بەم موفتەلا نەکرد!

کێهە فەرهادت نەکرد ڕەنجە ڕۆ؟
نەتبردە شاخ و دەر و دەشت و کۆ!

کام کاکە مەمت بریندار نەکرد؟
بە خاتوو زینت گرفتار نەکرد!

***

ئەوین و ئەجەل برای هاوپشتن
بۆ دەرد و مەرگ لێدان و کوشتن

پێی دێتە لەرزین لەشی پۆڵایین
لە کاتی خۆیدا، بە دەستی ئەوین

ئەجەلیش پاشان بۆی دێتە پێشێ
گیانی شیرینی لە لەش دەکێشێ

ئەوین هەر تۆزێ لە خوار ئەجەلە!
هاوڕێی یەکترن خێرا و بە پەلە

ئەی ئەوین، ئەوین، هەوێنی بەڵا!
ئەی ڕووخێنەری سەد کۆشک و قەڵا! ٢

ماڵ وێرانکەر و قەڵاڕووخێنی
ڕیشە و بناغان لەبن دەردێنی

مۆڵەتمان بدە ساتێ وەرکەوین
لە بستۆی ژیان تۆزێ سەرکەوین٣

با پشوو بدەین، بحەسێینەوە
کیژ و کوڕ وکاڵ بناسینەوە!

ماوێک بوو لێتان وەدوور خستبووین
لە مە و لە وانیش ڕێتان بەستبووین

لێیان بگەڕێن، توخواکەی، تاوێ
بۆمان وەدەر خەن هەتاوێ، ساوێ!

تۆزێ دانیشین لەگەڵ کوڕ و کاڵ
بگێڕینەوە ڕابردووی ئەمساڵ

ئەو دوازدە مانگە چۆنمان ڕابوارد
هەر خۆمان بە دەست هەل وهات سپارد٤

١. لە دەقی کتێبەکەدا وەک تۆبزی هاتووە.
٢. ئەم فەردە، شیعرێکی نەمر سوارەی ئێلخانیزادەمان وەبیر دێنێتەوە کە بۆ زیندانی 'قزل قەلعە'ی تارانی گوتبوو:
'سوورە قەڵا، دەرد و بەڵا! ... ' کامیان لەوی دیکەیان وەرگرتووە، ئەوە کاتێ مسۆگەر دەبێت کە ڕێکەوتی گوتنی هەردوو شیعرەکەمان بۆ دەربکەوێت، ئەوەش لای کەم بۆ من ڕوون نییە.
٣. لە دەقەکەدا وەک ژییان هاتووە
٤. لە دەقەکەدا ئاوا هاتووە: هەر خۆمان بە هەل، هەل و هات سپارد لام وا نییە بوونی هەلی یەکەم لەوێدا ئاسایی بێت و بە هەڵەی دەزانم..
(لاپەڕە ١٧٣ و ١٧٤ ی چاپی ئەنیسی. لە چاپی جەعفەردا نەهاتووە)

پەراوێز edit