شاعیر: ئاوات کتێب: شاری دڵ سەرناو: کەوش و کەڵاش سەبارەت: (لاپەڕە ١٧٨ و ١٧٩ ی چاپی ئەنیسی؛ لە چاپی جەعفەردا نییە) ڕۆژێ بێتاقەتی سەری لێدام زۆر وەڕەس بووم، بەرەو دەرێ هەستام گەرچی زستان و سارد و سەرما بوو١ خەمی زستان تەمی لەسەرما بوو چەکی ڕاوم هەبوو، لە شانم کرد بیری ڕاو و دەر و گەڕانم کرد ڕووم لە دەر کرد و چوومە سارایەک دەرودەشتێکی خۆش، دڵئاوایەک دیم کە داڵێ لە دوندی شاخێ بوو لێیدەدا باڵ، ئاخ و داخی بوو کە وڵاتی ڕەشی لەقیس چووبوو جێی تەماشای بڵند و ئاسۆ بوو سەربەرەوژێر، بە چاوی وا جوانی بۆ نچیرێ، لە خوارێ دەیڕوانی منی دی، وەیدەزانی نێچیرم نەیدەزانی مرۆیەکی پیرم! نە نێچیرم، نە باڵ و پەڕ سووتاو نە ئەسیرم، نە باڵ و پێ بەسراو من نە خۆراکی داڵ و ماڵ و قەلم نە کەلاکم ئەمن، نە کوێر وشەلم هاتە خوارێ، کە دی منم، تاسا وەرگەڕاوە بە توندی، زۆر ترسا ڕووبەڕووم نیشت لە بەردێ، بێچارە داڵی برسی و هەژار و ئاوارە کوتی ڕاوچی! منیش ڕەفیقی تۆم بۆیە هەروا لە شاخ و دەم ئاسۆم من بە چەنگ و دەنووک و تۆ بە تفەنگ نزم ئەکەین قاز و باز و شێر و پەڵەنگ کوتم ئەی داڵ! مەحاڵە پێکەوە بین تۆ لە هەوران دەڕۆی و من لە زەمین تۆ بە شاباڵ دەڕۆی و من پێیان تۆ لە گۆشت کەو دەخۆی و من لەتە نان نانی وشکم ئەگەر وەچنگ بکەوێ وەدەزانم هەمە کەبابی کەوێ! چنگ و دندووک و باڵ لە تۆ جوانە بێ بەشم من بە جارێ لەو سیانە بە دەس و پێ و پل و قەناعەتی خۆم کوانێ موحتاجی تۆ و ڕەفاقەتی تۆم! ١. لە دەقەکەدا هاتووە: گەرچی زستان سارد و سەرما بوو ++++++++++++++++++++++