ئاڵەکۆک

ئاوات add_a_photo
ئاوات شاری دڵ
٢٢٤. دڵی نەکوڵاو
زێدە لە شەوان، ئەمشەو دڵ کەیلە
شەماڵ هێنەری مەیلەکەی لەیلە

تاسەم کردبوو، بەخێر بێتەوە
بەشکم بەو بۆنە، دڵ بژیێتەوە

دڵیش چ دڵێک! پارچە گۆشتی کاڵ
نە کوڵا، نە برژا و نە بوە کۆی زوخاڵ

شارەزای مەینەت، هەڵگری خەمە
بۆ بوردەباری هاواڵی کەمە!

بە ئاگری دووری لەیلا هەڵقرچا
بەڵام هەر ماوە، تەواو نەبرژا

کام لەیل؟ ڕەشتاڵەی شۆخی جەرگبڕ
ئەوەی قەبیلەی مەجنوونی کرد قڕ

ئەم هەرا و بەزم و بەند و بیساتە
ئەم هەموو دەرد و تاسە و ئاواتە

ئەوینە، ئەوین، هەوێنی وانە
دڵێ تووشی بێ، ماڵی وێرانە

دڵ لە قیس من چوو، منیش لەقیس دڵ
هەردوک تاسەی یەک دەبەینە ژێر گڵ

ئەی گڵ! تۆش تۆخوا باشمان وەرگرە
بۆ دیتن، جارجار سەرمان هەڵبڕە

چاوێ بخشێنین لە کیژوکاڵان
سەیرانێ بکەین لە چیا و نواڵان١

کە مەجنوون دڵی پڕ لە ئەوین بوو،
زامدار و بە ئێش، پڕ لە برین بوو،

دڵی لەیلاشی وێرانتر لەو بوو
خەم و پەژارەی گرانتر لەو بوو

هەردوک بە ئەوین سەرگەردان و کەیل
لەیلا بۆ مەجنوون، مەجنوونیش بۆ لەیل

١. لەدەقەکەدا وەک نوواڵان هاتووە
(لاپەڕە ١٨١ و ١٨٢ ی چاپی ئەنیسی؛ لە چاپی جەعفەردا نییە)

پەراوێز edit